فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بزووتنەوەی خوێندکاری تەسلیمی سیاسەتی دژەژنی ڕژیمی ئیسلامی نابێت
دوشەممە ۰۶-۰۹-۱۴۰۲   |  27-11-2023

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و بەدوای دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە تا بەڵکوو بتوانێ بە ئەزیەت و ئازار، دەستگیری و زیندان، ئەشکەنجە و کوشتنی ژنان، دەستکەوتەکانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە زەوت بکات و یاسای دژەژنی حیجابی ئیسلامی بەسەر ژناندا بسەپێنێ. بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندە خوێندکارییەکانی زانکۆی بەهەشتی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی مانگی خەزەڵوەر هێزەکانی حەراسەتی ئەم زانکۆیە لەگەڵ بەکرێگیراوانی حکوومەتیی دیکە بە سەر و دەموچاوی داپۆشراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر کتێبخانەی زانکۆ و کلاسەکانی دەرسی خوێندکارانی دەروونناسی لەم زانکۆیە. ئەم هێرشە وەحشیانەیە لە حاڵێکدا ئەنجام دراوە کە مامۆستا لەحاڵی وتنەوەی دەرسدا بووە و ئەم مۆرە “ناشناس”انەی دەزگای ئەمنیەتیی ڕژیم وێڕای سووکایەتی و بێ ئیحتڕامی کردن، کارتی خوێندکارییان لەو خوێندکارانە وەرگرتووەتەوە کە ڕووسەرییان کەوتبووە خوارەوە. کەناڵی تێلێگڕامیی “شۆرا سینفییەکانی خوێندکارانی ئێران” ئاشکرای کرد کە لە ناڕەزایەتی بە هێرشەی مەئموورانی ئەمنیەتیی ڕژیم، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی مانگی خەزەڵوەر خوێندکارانی بەشی دەروونناسیی ئەم زانکۆیە نەچوونەوە سەر کلاسەکانی دەرس و لە چوارچێوەی زانکۆدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە. ئەم ناوەندە خوێندکارییە لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکوومکردنی ئەم هێرشەی دەزگا ئەمنیەتییەکان بۆسەر خوێندکاران هۆشداری داوە کە: “بێدەنگی و ئینفعالی ئێمە دەتوانێ ئەمجۆرە کردەوە نایاساییانە بکاتە ڕەواڵێکی هەمیشەیی. داوا لە هەموو خوێندکارانی زانکۆ دەکەین کە لەناڕەزایەتی بەم کردەوەیەی حکوومەتی ئیسلامی و بۆ ڕێگری لە شکاندنی حورمەتی فەزای زانکۆ، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە لە کلاسەکانی دەرسدا بەشدار نەبن و بایکۆتی بکەن”. بەدوای ئەمەدا ڕۆژی چوارشەممە یەکی مانگی سەرماوەز خوێندکارانی بەشی کۆمپیوتێری زانکۆی سەنعەتی شەریف، بۆ پشتیوانی لە خوێندکارانی زانکۆی بەهەشتی مانگرتنیان بەڕێوەبرد.

هەر لەم ڕاستایەدا و لە ناڕەزایەتی بە پەرەسەندنی گوشاری هێزەکانی حەراست و فەزای پۆلیسی لە زانکۆکان، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەفتەی ڕابردووش خوێندکارانی زانکۆی تەربیەت مودەرس کە نەچووبوونەوە سەر کلاسەکانی دەرس، بەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە پەیوەست بوون. ڕێکخراوەکانی خوێندکاران ڕایانگەیاندووە کە لە سەرەتای ساڵی خوێندن لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵەوە دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتی و نیزامییەکان هەوڵ و ئیقداماتیان دژبە خوێندکاران پەرەپێداوە. خوێندکاران و مامۆستایانی ناڕازی بەردەوام بانگ دەکەن، دەستبەسەریان دەکەن و دەریان دەکەن. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم گوشارانە خوێندکاران نیشانیان داوە کە لە بەرابەر هێرشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا تەسلیم نابن و بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەباتیان، ناڕەزایەتییەکانیان بە هەر شێوەیەک بێت درێژە دەدەن. لە ڕاستای ئەم خەباتەدا زۆربەی کچانی خوێندکاری پەردیسی نێونەتەوەیی زانکۆی سەنعەتی شەریف، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەر لە دوورگەی کیش بە بێ حیجاب و بە کڵاو و جلی دەرچوونەوە ئامادە بوون و ئاهەنگی دەرچوونیان گێڕا. ئەم حەرەکەتەی خوێندکارانی خەباتکار لەلایەن ئامادەبووان و بیروڕای گشتییەوە پێشوازیی لێکرا. ئەم حەرەکەتەی خوێدکارانی ئازادیخواز کە بە مانای ژێر پێ نانی یاسا و دەستووراتی کۆنەپەرستانە و دژی ژنی حکوومەتی ئیسلامییە، بوو بەهۆی ئەوەیکە ڕەسوول جەلیلی سەرۆکی حیزبوڵڵاهیی ئەم زانکۆیە کە جێگەی متمانە و دەستنیشاندەی خودی خامنەیی بوو، لەگەڵ سەرۆکی پەردیسی کیشی زانکۆی شەریف، لە زانکۆ دەربکرێن.

کردەوەی سەرکوتگەرانەی دەزگا ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی خوێندکاری لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە یەک مانگ لەمەوبەر ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە بە ترس و نیگەرانی لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری هەواڵی قەتڵی “ئارمیتا گەراوەند”ی ڕاگەیاند. ئەم منداڵە بوێرە ١٧ ساڵەیەش هەروەک ژینا ئەمینی و دەیان کەسی دیکە تەنها بەخاتری ڕەعایەت نەکردنی حیجابی ئیسلامی لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکان و بەکرێگیراوانی “حیجاب بان”ەوە هێرشی کرایە سەر و مێشکی زەربەی پێگەیشت و گیانی لەدەست دا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم سەرکوتگەرییانە ژنانی بوێر و ئازادیخواز لە ئێران دیواری یاسا و ڕێسای حکوومەتی ئیسلامییان تێکشکاندووە و ڕۆژانە بەئاشکرا بە بێ حیجابی ئیجباری ئەم هێمایەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ڕژیم لە شەقام و مەیدانەکاندا هاتوچۆ دەکەن.

بەڵام ئەوە تەنها کاربەدەستانی زانکۆ و ناوەندە ئەمنیەتییەکان نین کە لە زانکۆکاندا فەزای سەرکوت پەرە پێدەدەن، بەڵکوو هەموو ڕێبەران و سەرانی حکوومەتی ئسیلامی لە خامنەییەوە تا مەقاماتی دیکەی ئەم ڕژیمە ڕۆژانە بە هەڕەشە و بە پەرەپێدانی خورافات هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا بەرەو دواوە بگێڕنەوە تا دەسەڵاتی تاوانکارانەیان درێژە پێ بدەن. لەم پێوەندەدا عەلی خامنەیی ڕۆژی چوارشەممە یەکی مانگی سەرماوەز بە کۆکردنەوەی ژمارەیەک لە وەرزشکاران و مۆرەکانی سەربە حکوومەت، ڕوو بە ژنان دەستی کرد بە مەوعیزە و هەڕەشە کردن. ئەو لە ناڕەزایەتی بەو فێدراسیۆنە وەزرشییانەی کە کۆماری ئیسلامی بەخاتری ڕەچاونەکردنی پێوەرە نێونەتەوەییەکان بۆ نموونە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژنانی وەرزشکار، ڕێگری لە دەست لێدانەوە لەگەڵ پیاوانی بەقەولی خۆی “نامەحرەم” وە یان ڕووبەڕوو نەبوونەوە لەگەڵ تیمەکانی ئیسرائیل، تەحریم دەکەن وتی: “ئەوان بە بیانوویەکەوە وڵاتێک لە بەشداری لە هەموو ئوردووگا وەرزشییەکان بێبەری دەکەن”. ئەو لە هەمان حاڵدا دەستخۆشیی لەو وەرزشکارە ژنانە کرد کە بە حیجابی کامڵەوە دەچنە ناو مەیدان و لەگەڵ نامەحرەم دەست لێ نادەنەوە. دەستخۆشیی لەوانە کرد کە بە هێماکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە بۆ نموونە “سوجدە بردن لەسەر زەوی و دوعا کردن و هیتر” دەچنە ناو مەیدانی وەرزشییەوە. مانای ئەم وتانەی خامنەیی کە لەڕاستیدا نیشانەی شکستی ڕژیمە لە بەرابەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی ژنانی خەباتکار، بۆ دەزگا ئەمنیەتی و سەرکوتگەرەکانی ڕژیم فەرمانی پەرەپێدانی گوشار و سەرکوتی زیاتر بۆسەر ژنانی خەباتکار و ئازادیخوازە.

ڕژیم ئەمجارە لەژێرناوی هێزەکانی “خۆڕسکی خەڵکی”دا، ژمارەیەکی زیاتری هێزی سەرکوتگەری ئەمنیەتی، لیباس شەخسی، لات و چەقۆکێشی بەسیج و خاهەری زەینەب بەتایبەت لە مێترۆکان داناوە تا ئاتەش بە ئیختیار هێرش بکەنە سەر ژنان. زاکانی، شارەداری تاران بۆ پاساو کردنی ئەم کردەوە سەرکوتگەرانەیەی ڕژیم ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە ژنان کرد و وتی: “ئەم هێزە خەڵکییانە خۆڕسکن و لە مێترۆکاندا ئەمری بە مەعرووف ئەنجام دەەن. ئایا دەتوانین پێیان بڵێین ئەم کارە مەکەن؟”. سەرپاسدارا وەحیدی وەزیری ناوخۆی ڕژیمیش ڕۆژی چوارشەممە بۆ پاساوی ئەزیەت و ئازاری ڕێکخراوی ژنان وتی: “ئێمە موجەوزێکی تایبەتمان بە حیجاببانەکان نەداوە و هەڵبەت پێویستیشیان نییە. ئەمانە گرووپەکانی خەڵکن کە لەژێرناوی ئەمری بە مەعڕووفدا چالاکی دەکەن کە ئەمەش ئەرکی هەموو خەڵکە”.

بێگومان ژنان، خوێندکاران و جەماوەری خەڵکی خەباتکار ئەم تاکتیکانەی حکوومەتی ئیسلامیش بەرەوڕووی شکست دەکەنەوە. وەها هەوڵێکی سەرشۆڕانە و تاوانکارانەی حاکمانی ڕژیم بێهوودەیە و ئاکامێکی بۆیان نییە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە ئێران لەم قۆناغە تێپەڕیوە کە ڕژیم بتوانێ بە وەها پاساوگەلێکی نەزانانە ژنان بەرامبەر بە یاسای پرتووکاو و دژەژنی کۆماری ئیسلامی ناچار بە تەسلیمبوون بکات و دەسەڵاتەکەی بپارێزێت.