بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٧ی سەرماوەز سزای لە سێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ئیقبال فەتوحوڵڵاهی خەڵکی شاری ئیلام و موحسین ئەمرایی خەڵکی شارۆچکەی گەڕاوەند سەر بە شاری کۆیەشت لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
ئەم دوو بەندکراوە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا بوو.
ڕۆژێک پێشتر لەگەڵ ئەم بەندکراوانە دوو بەندکراوی دیکەش بە ناوەکانی حەمید بەخشایش و میلاد نەباتی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و کوشتنی بەئەنقەست سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا بوو، بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترابوونەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.