کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری جوانڕۆ دوای ئەوەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بەسەختی بریندار بووە، بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و ئێستاش باری تەندروستی ناوبراو ناجێگیرە.
بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی سەرماوەز، حەبیب ڕەزایی، تەمەن ٥٢ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندار بووە و پاشان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە پشتی ئەو کۆڵبەرە پێکراوە و وێرای ئەوەی کە بڕبڕی پشکی شکاوە، بە شێوەیەکی مەترسیدار تووشی خوێنبەربوونی هەناو بووە.
لە ئێستاشدا حەبیب ڕەزایی بۆ بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی “تاڵەقانی”ی شاری کرماشان گواستراوەتەوە و باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە کە ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵە و کەسوکارەکەی لێ کەوتووەتەوە.