دەوڵەتی بریتانیا بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک نیگەرانی خۆی سەبارەت بە خراپتربوونی بارودۆخی سوریە دەربڕی.
جەیمز کاریوکی، نوێنەری بریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ڕژیمی ئیسلامی دژی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژی داعش جێگەی نیگەرانییە.
کاریوکی وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی گرنگیدانی نێونەتەوەیی بەم وڵاتە وتی: بەپەلە پێویستمان بە کەمکردنەوەی کێشە ناوچەییەکان هەیە. دوای ١٣ ساڵ ململانێ، توندوتیژی لە سوریە گەیشتووتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.
کاریوکی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە دەسپێکردنەوەی کەڵکوەرگرتن لە پێگە هەواییەکانی لازقییە بۆ ناردنی چەکوچۆڵ، نیگەرانی دەربڕی.
ناوبراو، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە پاشەکشە بکات و داوای لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەوانە دەمێشق و مۆسکۆ کرد، کە سەقامگیری و ئاسایش لە سوریە بپارێزن.
ئەم ڕاگەیندراوە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژاوا و لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا دەیان کەس کوژراون.