فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

برینداربوونی پێنج کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی کوردستان
یەکشەممە ۱۲-۰۹-۱۴۰۲   |  03-12-2023

پێنج کۆڵبەر بە ناوەکانی “ڕێبوار” خەڵکی شاری بانە، “ئاروین ڕەشیدپوور” خەڵکی شاری سەقز و سێ کۆڵبەر خەڵکی شاری پاوە کە ناوی یەکیکیان “کەیهان ئەمینی” ە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی سەرماوەز، کۆڵبەرێک بە ناو ڕێبوار و خەڵکی گوندی “کێلە”ی سەر بە شاری بانە لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە و ٣ کۆڵبەر دیکەی خەڵکی گوندی “داریان”ی سەر بە شاری پاوە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوون. هەتا ئێستا ناوی یەکێک لەو کۆڵبەرانەی خەڵکی داریان بە ناوی کەیهان ئەمینی زانراوە کە ٣٠٠ پارچە ساچمە بەر جەستەی کەوتووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای برینداربوونی ئەو ٣ کۆڵبەرەی خەڵکی شاری پاوە، بەهۆی قووڵیی برینەکانیان و بە مەبەستی تیمارکردن بۆ نەخۆشخانەی قودسی ئەو شارە گواستراونەتەوە. پێشتریش، واتە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێک بە ناوی ئاروین ڕەشیدپوور و خەڵکی شاری سەقز، لە سنووری گوندی “ساووجی”ی سەر بە شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم لاقی بریندار بووە و بە مەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی “بوعەلی”ی شاری مەریوان گواستراوەتەوە.