ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز، بە هەزاران کەس لە کرێکارانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کارخانەی تواندنەوەی ئاسن لە ئیسفەهان، لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان سەرلە نوێ دەستیان لە کار کێشایەوە و بە دوای ڕێپێوان لە حەساری ئەم کارخانەیە، لە بەرامبەر بینای بەڕێوەبەرایەتیی دەستیاندایە کۆبوونەوە.
کرێکارانی ناڕازی وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی نالەباری ژیانیان و ئاستی لە خوارەوەی حەقدەستەکانیان، خوازیاری “بەکردەوە دەرهێنانی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان”، “دانی حەقدەستی بەرابەر هاوشێوەی شیرکەتەکانی دیکەی پۆڵا” و “بردنەسەرێ ئاستی حەقدەست و مەزایاکانیان” بوون. شایانی باسە، لە ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە، هێزەکانی گاردی تایبەت بۆ پێشگرتن بە ناڕازییان و بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کرێکاران، لەم ناوەندە بەرهەمهێنەرە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت جێگیر کرابوون.