سێزدە هاووڵاتیی بە ناوەکانی عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان شاروێرانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان هەمزازادە، ئارام شەعبان، فەخرەدین پوودات، یەعقووب مەحموودیئازەر، خۆشناو عەینی، پیرۆت تابناک، یووسف ڕەحمانی، فەرهەنگ کەرامەت، بەهمەن مەحموودیئازەر و موحسین عەزیزی، کە سەرجەمیان خەڵکی شاری شنۆن، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیەوە بە کۆی گشتی سزای ٣٤ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
بەهمەن مەحموودیئازەر، خەڵکی شنۆ و یەعقووب مەحموودیئازەر، خەڵکی گوندی سینگانی ئەو شارە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ هەرکامەیان سزای ٧ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
هەر لەم پەیوەندییەدا خۆشناو عەینی و پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی سینگانی شنۆ و موحسین عەزیزی، خەڵکی شاری شنۆ، هەریەکەیان سزای ٢ ساڵ بەندکردنیان و فەرهەنگ کەرامەت، خەڵکی گوندی سینگانی شنۆ، سزای ٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردن و هەروەها یووسف ڕەحمانی، خەڵکی شاری شنۆ ٢ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
هەر لە درێژەی ئەم سزایانەدا، عەبدولکەریم کاکۆل، خەڵکی گوندی حەسەننوورانی سەر بە شاری شنۆ، سولەیمان شاروێرانی و خدر عەبدوڵڵاهی کە هەردووکیان دانیشتووی ئەو شارەن، لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ هەریەکەیان سزای ساڵێک بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ئارام شەعبان، خەڵکی شاری شنۆ، سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردن و فەخرەدین پوودات، خەڵکی گوندی “بەیتەریان” و عوسمان هەمزەزادە، خەڵکی گوندی “قوڕوچای”ی سەر بە شاری شنۆ، هەریەکیان سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە کە حەوت هاووڵاتیی دیکە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایکردنەکەیان لە بەندیخانە ناوەندیی شنۆ ئازاد بوون.