شۆفیر قەتارەکانی ئاڵمان بە دوای بێ دەرئەنجام بوونی وتووێژ لە نێوان یەکێتییەکەیان و “دۆویچەبان” شیرکەتی دابین کردنی خزمەتگوزاری ڕێگای ئاسن، لەسەر کەم کردنەوەی سەعات کاری، ڕوژی پێنجشەممە ١٦ی سەرماوەز، مانگرتنێکی ٢٤ کاتژمێریان دەست پێکرد.
ئەم مانگرتنە ٢٤ کاتژمێرییە، چوارەمین مانگرتنە کە کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی دۆویچەبان دادەنێ. “کڵاوس وێسلێسکی” سەرۆکی یەکێتیی شۆفیر قەتارەکان ناسراو بە “جی دی ئێڵ” پێشتر ڕایگەیاندبوو، وتووێژەکان لەگەڵ دۆویچەبان شکستی هێناوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هیچ فێرخوازێکی نوێ ڕووی لەم کارە نەکردووە و ئەمەش بەم واتایەیە کە هیچ کەس نایهەوێت ڕوو بکاتە ئەم پیشەیە. جێگای ئاماژەیە، یەکێتیی شۆفیر قەتارەکان لە وتووێژ لەگەڵ دۆویچەبان خوازیاری کەمکردنەوەی سەعات کاری لە ٣٨ کاتژمێرەوە بۆ ٣٥ کاتژمێر و هەروەها زیاد کردنی پێنج سەد و ٥٥ یۆرۆ لە مانگدا بە حەقدەستی کرێکاران بووە.