برینداربوونی کۆڵبەرێکی تازەلاو بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە سنووری بانە
یەکشەممە ۱۹-۰۹-۱۴۰۲   |  10-12-2023
بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز، لە سنووری “هەنگەژاڵ”ی بانە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامیدا، کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵە بە ناوی پەرهام محەممەدی خەڵکی دێهگولان بەسەختی بریندار بووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پەرهام محەممەدی هەر دوو پێی بە چەکی ساچمەی بەسەختی پێکراوە و ناوبراو بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان، لە سەرەتای ئەمساڵی زایینیەوە هەتا ئێستا، لانیکەم ٢٥ منداڵ لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم بریندار بوون و کۆڵبەرێکیش کوژراوە.