دوای وەستانێکی کورتماوە ڕژیمی فاشیستیی ئیسرائیل قەتڵوعامی خەڵکی بێدیفاعی لە کەرتی غەززە دووبارە دەستپێکردووەتەوە. سەیرکردنی دیمەنە دڵتەزێنەکانی هاوار و گریان و ناڵەی کۆمەڵگەیەکی دوو ملیۆن کەسی کە هیچ تاوانێکیان لەئاست ئەم چارەنووسە ترسناکەدا نییە، بەڕاستی مانای ژیان و مرۆڤایەتی لەم بەربەریەتەی ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداری خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
بەڵام بەم حاڵەشەوە ئەوەیکە لەم ڕۆژانەدا لە میدیا و تەلەڤیزیۆنەکانی سەربە دەسەڵاتە فریوکارەکانی جیهان دەیبینین، بەرینایی ڕاستەقینەی جەنایەتێک نییە کە خوێنڕێژان لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدەن. میدیا خزمەتکارەکان بە سانسۆرکردن و بە هەڵبژاردنی دیمەنی دڵخواز بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەربابەکانیان، لەم کۆمەڵکوژییەدا دژبە مرۆڤایەتی شەریک و هاوبەشن.
بەرامبەر بە جینۆسایدی ئاشکرای حکوومەتی ئیسرائیل، ویژدانی بەخەبەر و ئینساندۆست لە زۆر شوێنی جیهان شەقامی شارەکانیان کردووە بە مەیدانی ناڕەزایەتی دژبەم دڕندەیی و وەحشیگەرییە. ئەم ئیعتڕازاتە کە لەگەڵ درێژەی شەڕ بەردەوام پەرەی سەندووە، سەرەڕای کەڵکی نابەجێ وەرگرتن و هەوڵی ڕەوتی تیرۆریستیی حەماس و باقی ڕەوتە تاوانکار و ئیسلامییەکان، هەتا ئێستا لە نیشاندانی ڕوخساری فاشیستیی دەوڵەتی ئیسرائیل و دووڕوویی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، کاریگەریی دیاریکراوی بووە.
لەت و پار کردنی دەیان هەزار پیر و لاو و ژن و منداڵ لەم کارەساتەی غەززەدا، بەڕاستی بۆ جارێکی تر پرتووکاوبوونی نیزامی سەرمایەداری و ڕوخساری قیزەونی دیموکراسی و بێ خاسیەت و بێ مایەبوونی ناوەند و دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و ئیدیعای بێناوەرۆکیانی نیشاندا. دەریخست کە مرۆڤایەتیی شیاوی نیزامێکی دیکە و دنیایەکی باشترە. نیشانی دا کە لە نەبوونی بەرەیەکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب و سۆسیالیست، چۆن دەسەڵاتە جەحەنەمیەکان بە پشتیوانیکردن لە تاوانکارانی وەک نەتانیاهۆ دەتوانن لە کێبەرکێیی دەسەڵات و ڕەقابەتی جەمسەرە جیهانییەکاندا، هەموو ڕۆژێ لە گۆشەیەکی جیهان ژیانی ئینسانەکان لەناوبەرن و کۆمەڵگاکان بۆ دەیان ساڵ وێران بکەن.
بیانووی نابوودیی ڕەوتی تیرۆریستیی حەماس بۆ کوشتاری غەززە لەلایەن سەرانی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل، هەروەک ئیدیعاکانی هەموو دیکتاتۆرەکان، پووچ و بێ ئەساسە. بەدەر لەوەیکە خودی حەماس ساختەی دەستی ئیسرائیلە، ئەم کۆمەڵکوژییە بارووتی پەرەپێدانی تەفرەقە و نەفرەتی زیاتر لە نێوان خەڵکی ئیسرائیل و فەلەستینە. وە زەمینەکانی سەرهەڵدانی هەمووجۆرە دەستە و تاقمێکی کۆنەپەرستی ئیسلامی و دینی لە دواڕۆژی ئەم شەڕەدا فەراهەم دەکات. سەرەڕای هەڵیت و پڵیتەکانی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل سەبارەت بە لەناوبردنی حەماس، سەرلێشێواوی و بنبەست و گیرکردنی ئیسرائیل لە شەڕێکی درێژخایەن زیاتر دەبیندرێت. شەڕێک کە کۆمەڵگای ئیسرائیل توانای تەحەمولکردنی لە درێژەماوەدا نییە و دەسەڵاتی فەوقی ڕاستی ئیسرائیل لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەر لەئاکامی درێژە شەڕ نیگەرانە.
ئاشکرایە کە هەتا کاتێک دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تاوانکاری ئێستای ئیسرائیل لەسەر کار بێت و خەڵکی فەلەستین دیلی کۆنەپەرستیی ئیسلامی و سیاسی و ڕەوتەکانی وەک حەماس بن، دەستەبەرکردنی ئاشتی و چارەسەرکردنی دادپەروەرانەی پرسی فەلەستین بە ئاسانی نایەتە دی. تەنها بە ڕاماڵینی ئەم دوو هێزە کۆنەپەرست و تیرۆریستەیە کە دەتوانین هیوادار بین ڕێگاچارەی پێکهێنانی دوو دەوڵەت بۆ جارێکی تر لەلایەن خەڵکی ئازادیخواز لە ئیسرائیل و فەلەستین و بە پشتیوانیی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بێتە ئاراوە. ڕێگاچارەیەک کە لەلایەن هەموو هێزە ئازادیخواز و سۆسیالیستەکانەوە چەندین دەیەیە پێداگریی لەسەر دەکرێت و دەتوانێ کۆتایی بە چەندین دەیە کوشتاری خەڵکی فەلەستین لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیل و ڕەوتە ئیسلامییەکان بێنێت کە چارەنووسی کۆمەڵگایەکی چەند ملیۆنییان زەوت کردووە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیشتەکان هاوڕێ لەگەڵ کرێکارن و خەڵکی زەحمەتکێش لە کوردستان هاودەنگ لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانی جیهان، لەگەڵ خەڵکی ڕەنجدیدەی فەلەستین و بەرامبەر بە قەتڵوعامی دڕندانەی منداڵان و خەڵکی فەلەستین لەلایەن ڕژیمی فاشیستی ئیسرائیلەوە وەستاوە. شۆرای هاوکاری داوا لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز و حیزب و ڕێکخراو و ناوەندە ئازادیخوازەکان دەکات کە بە هەر ئامراز و ئیمکانێک کە لە ئیختیاریان دایە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و دژبە جینۆسایدی ڕژیمی خوێنڕێژی ئیسرائیل دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز بکەنەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢
٦ی دێسامبری ٢٠٢٣