بەپێی ڕاپۆرتەکان، “ئەشکان فەهیم”، خەڵکی شاری مەهاباد و “محەممەد تەدینی”، خەڵکی شاری مەریوان، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ و دەستە”، سەرجەم سزای ٩٠ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە، ئەم دوو لاوە کە ٣ مانگی ڕابردوویان لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکان تێپەڕاندووە، هەرکام سزای دوو ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆیان بەسەریاندا سەپاوە. جێگای ئاماژەیە، ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بە شێویەکی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراون. ئەشکان فەهیم و محەممەد تەدینی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ڕەزا ئەندێشە و ڕۆژگار ڕەحیمیان، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە ماڵێک لە گەڕەکی “مەیدانی ئیستقلال”ی شاری مەهاباد، بە شێوەیەکی دڕندانە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون. ڕەزا ئەندێشە، ٢٣ی ڕەزبەر و دواتر ئەشکان فەهیم، ڕزگات ڕەحیمیان و محەممەد تەدینی بۆ زیندانی مەهاباد گواسترانەوە. پاشانیش ڕەزا و ڕزگار بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران و تاکوو ئێستاش ئەشکان و محەممەد لە زیندانی مەهاباد ڕاگیراون.