مەبەست لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری چییە؟ ئایا لە وڵاتێک کە هەموو شتێک ڕەنگ و بۆی سیایی هەیە، ڕێکخراوی کرێکاری دەتوانێ سەربەخۆ لە سیاسەت و ئەحزابی سیاسی بێت؟
بۆ وڵام بەم پرسیارە پێویستە بڵێین کە مەبەستمان لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری، ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەتە. ئێمە لەسەر سەربەخۆیی ڕێکخراوی کرێکاری لە دەوڵەت تەئکید دەکەین. ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت و خاوەنکار بەو مانایەیە کە دەوڵەت و خاوەنکار نابێ لە هیچ قۆناغێک لە پڕۆسەی پێکهاتنی ڕێکخراوی کرێکاریدا دەخاڵەت بکەن. دەوڵەت نابێ هیچ جۆرە دەخاڵەتێکی لە دیاریکردنی جۆری ڕێکخراوێک کە کرێکاران پێکی دێنن هەبێت. دەوڵەت نابێ لە جۆری پێکهاتەی ڕێکخراوی کرێکاریدا دەخاڵەت بکات. ئەوەیکە کرێکاران شۆرا پێک دێنن یان سەندیکای کرێکاری یان هەر شێوازێکی دیکە، ئەوە ئەمری خودی کرێکارانە. پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری نابێ بە ئیزنی دەوڵەت یان ئۆرگانێکی وەک وەزارەتی کار یان خانەی کاریگەر و ناوەندەکانی ترەوە سنووردار کرابێتەوە. لە یاسای کار و باقیی یاساکانی وڵاتدا پێویستە ئازادی و مافی پێکهێنان و بەرپاکردنی ڕێکخراوی کرێکاری بە بێ کەموکوڕی بە ڕەسمی بناسرێت و کرێکاران ئازاد و موختار بن کە ڕێکخراوی دڵخوازی خۆیان لە هەر پڕۆسەیەکدا و بە هەر شێوەیەک کە خۆیان پێیان گونجاوە پێک بێنن. لە یاسای کاری دڵخوازی کرێکاراندا پێویستە ڕاشکاوانە باسی ئەوە بکرێت کە کرێکاران لە پێکهێنانی هەموو جۆرە ڕێکخراوەیەک لەوانە ڕێکخراو بۆ خەباتی ئابووری، سیاسی و یان کلتووری ئازادن. هەموو جۆرە ڕێکخراوێکی کرێکاری لە ئاستی کارگە، کارخانە و ناوچە و شار و یان پێکهێنانی ڕێکخراوی سەرانسەری ئازادە. دەوڵەت ئەرکی سەرشانیەتی و پێویستە هەموو ڕێکخراوەکان و نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران بەڕەسمی بناسێت. پێویستە دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە هەموو کاروباری پێوەندیدار بە کار و ناکۆکیی کرێکار و خاوەنکار بەڕەسمی بناسێت. نە دەوڵەت و نە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە تەعەڕوز بکاتە سەر ئەم ڕێکخراوانە. ئەگەر لە یاسای کار یان باقیی یاساکانی وڵات خەزمەتگوزارییەک بۆ ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەبەرچاو گیرابێت، تەنها تۆمار کردنی ناوی ئەم ڕێکخراوانە دەبێ کافی بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەم خزمەتگوزارییە بەهرەمەند بن. لە ئیختیار دانانی ئەم خزمەتگوزارییانە نابێ بە قەبووڵ کردنی هیچ شەرت و مەرجێک لەلایەن ئەم ڕێکخراوە کرێکارییانەوە سنووردار کرابێتەوە. کەوابوو نابێ هیچ یاسایەک بوونی هەبێ سەبارەت بەوەیکە ڕێکخراوە کرێکارییەکان دەبێ چ تایبەتمەندییەکیان هەبێت تا لایەن دەوڵەتەوە بەڕەسمی بناسرێن. بەم تەوزیحاتەوە کە درا ئاشکرایە کە مەبەست لە ڕێکخراوی سەربەخۆ، ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەتە. لە بزووتنەوەی کرێکاریی ئێراندا بەهۆکاری جۆراوجۆر خەبات بۆ مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاریی سەربەخۆ لە دەوڵەت گرینگیەکی تایبەتی هەیە و بووەتە یەکێک لە خواستە سەرەکییەکانی کرێکاران.
دوای ئەم ڕوونکردنەوەیە دەگەینە بەشی دووەمی پرسیارەکە: ئایا ڕێکخراوی کرێکاری دەتوانێ سەربەخۆ بێ لە سیاسەت و حیزبە سیاسییەکان؟
ئێمە هەرکات باس لە ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری دەکەین، لەسەر سەربەخۆبوون لە دەوڵەت تەئکید دەکەین. ئامانجی ئێمە لە تەئکید لەسەر سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە دەوڵەت بەم دەلیلەیە کە لە ڕوانگەی ئێمەوە حوکم و فەرمانی سەربەخۆبوونی ڕێکخراوی کرێکاری لە سیاسەت و حیزبە سیاسییەکان دروست نییە. هەڵبەت ڕێکخراوی کرێکاری دەتوانێ و دەبێ لە بواری یاسایی و ڕێکخراوەیی و لە بواری ماڵییەوە سەربەخۆ لە حیزبە سیاسییەکان بێت بەڵام ئەوە بە مانای سەربەخۆبوون لە سیاسەتی حیزبەکان بەگشتی و سیاسەتی حیزبێکی دیاریکراو بەتایبەتی نییە. ڕێکخراوێکی کرێکاری لە هەمان حاڵدا دەتوانێ لە بواری یاسایی و ڕێکخراوەییەوە سەربەخۆ بێت بەڵام لە بواری سیاسییەوە لەژێر کاریگەری و نفووزی سیاسەت و بۆچوونی حیزبێکی دیاریکراودا بێت. لێرەدا ئەم هەڵوێستە زیاتر ڕوون دەکەینەوە. هەروەک چۆن هیچ کەس دژی دەخاڵەتی تاکەکانی کۆمەڵگا، بە هەر پێگەی کۆمەڵایەتی و پۆست و مەنزەلەتێکەوە، لە سیاسەتدا نییە، بەڕواڵەت هەرکەسیش دەخاڵەتی تاکەکەسیی کرێکاران لە سیاسەتدا بەڕەسمی دەناسێت. هەروەک نوێنەرێکی مەجلیس، کارمەندێکی وەزارەتخانە، مامۆستایەکی زانکۆ، سەرمایەدار و خاوەن کارخانەیەک دەتوانێ سیاسەت بکات و ببێتە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو، کرێکاریش دەتوانێ بیر لە سیاسەت بکاتەوە، سیاسەت بکات و ببێتە ئەندامی حیزبێکی سیاسی و بکەوێتە سەرووی حیزبێکی کۆمۆنیستیی دیاریکراوەوە.
هەروەک چۆن سەرمایەداران دەتوانن بەشێوەی ڕێکخراو لە سیاسەتدا دەخاڵەت بکەن، لە دنیای واقعیدا ناکرێ بەربە دەخاڵەتی ڕێکخراوی کرێکاران لە سیاسەتدا بگیرێت، ناکرێ لە دەخاڵەتی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە کاروباری سیاسی ڕێگری بکرێت. خەباتی چینایەتی خەباتێکی ڕێکخراوە و بەشێوەی ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت. ئەگەر چاو لێبکەین دەبینین کە لە دنیای واقعیدا سەرمایەداران چ لە ئاستی مەحەلی و میللی، چ لەئاستی ناوچەیی و جیهانی دا، لە ناوەندە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان ڕێکخستووە. ئەوان خۆیان لە مەجلیس و پەرلەمان، لە ئەرتەش و پۆلیس و زیندانەکان، یەکیەتیی خاوەنکاران، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناتۆ و لە ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی و لە هەزار و یەک ڕێکخراو و ناوەندی دیکەدا ڕێکخستووە کە هەر کامیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە سیاسەتدا دەخیلن و پێکەوە سیاسەت و فەرهەنگی زاڵی جیهان پێک دێنن. بێگومان لەو نێوەدا ناکرێ دەخاڵەتی ڕێکخراوی چینی کرێکار و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە سیاسەتدا مەنع بکرێت.
کەوابوو هەروەک کرێکاران بەشێوەی تاکەکەسی لە سیاسەتدا دەخاڵەت دەکەن و دەتوانن ببنە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراو، ڕێکخراوی کرێکاریش دەتوانێ لە سیاسەتدا دەخاڵەت بکات، لە سیاسەتەکانی حیزبێکی دیاریکراو پشتیوانی بکات و لەژێر کاریگەریی و نفووزی سیاسی و مەعنەویی حیزبێکی سیاسیی دیاریکراودا بێت. ڕێکخراوێکی کرێکاری بە هەر ڕادەیەک لەگەڵ حیزبێکی سیاسی پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت بەڵام لە بواری ڕێکخراوەیی و یاساییەوە دەتوانێ سەربەخۆیی خۆی لە حیزبەکان بپارێزێت. واتە سووخت و سازی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتییەکەی بەپێی ئەساسنامە و پێورە تەشکیلاتییەکانی هەمان ڕێکخراوی کرێکاری ئەنجام دەدرێت. بڕیاردان و دابەشکردنی بەرپرسایەتییەکان لەڕێگەی مێکانیسمە پێناسەکراوەکانی خودی ئەم ڕێکخراوەوە بەڕێوەدەدچێت. کاریگەری سیاسی ئەحزاب لەسەر بڕیارەکانی ڕێکخراوێکی کرێکاری لە ڕێگەی میکانیزمیە سیاسییەکانەوە ئەنجام دەدرێت. ئەگەر حیزبێک بیهەوێت ڕێکخراوێکی کرێکاری بڕیارێکی دیاریکراو بدات، ئەوە تەنیا بە ڕازیکردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە کرێکارییە دەکرێت کە ڕەنگە هەندێکیان ئەندامی هەمان حیزب بن. ئەوەیکە ڕێکخراوێکی کرێکاری لە کام حیزب نزیکە و چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ یەک یان چەند حیزب پێک دێنێنت بابەتێکی تەواوەن سیاسییە و پەیوەندی بە خودی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییەوە هەیە و خودی ئەندامانی ڕێکخراوە کرێکارییەکە دیاریی دەکەن. هەڵسووڕاوانی ڕێکخراوێکی کرێکاری ئەگەر سەربە حیزبێکی سیاسیی دیاریکراویش بن، پێویستە لە ناو ڕێکخراوە کرێکارییەکەدا، پێوەرە پێناسەکراوەکانی هەمان ڕێکخراو پەیڕەو بکەن.
لە مێژووی ئێراندا ئەوە دەوڵەتە سەرمایەداری و کۆنەپەرستەکان بوون کە لەسەر سەربەخۆیی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئەحزابی سیاسی پێداگرییان کردووە. لە سەردەمی دیکتاتۆری سەڵتەنەتی پەهلەویدا، دەسەڵاتداران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ یەکیەتییە کرێکارییەکان کە بە ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دواتر لەلایەن حیزبی توودەوە پێکهاتبوون، مەسەلەی “ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری”یان لەناو بزووتنەوەی کرێکاریدا هێنایە گۆڕ و لەژێرناوی وابەستە بوون بە ئەحزابی چەپ هێرشیان کردە سەر ڕێکخراوە کرێکارییەکانی ئەو سەردەم. دژەشۆڕشی ئیسلامیش لەگەڵ داگیرکردنی دەسەڵات، شۆرا کرێکارییە سەربەخۆکانی نابوود کرد و هەوڵی دا تۆڕی سیاسی ئیدئۆلۆژیک و سیخۆڕیی خۆی وەک شۆرای ئیسلامی، ئەنجومی ئیسلامی و هیتر لەژێرناوی ڕێکخراوی کرێکاری بە زۆر و سەرکوت بەسەر کرێکاراندا بسەپێنێ. ئەم ڕژیمانە ئامانجیان جیاکردنەوەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئەحزابی چەپ و کۆمۆنیست بوو. لە ڕوانگەی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی سەرمایەداری، شۆرا و یەکیەتییە کرێکارییەکان دەبێ لە بواری سیاسییەوە لە حیزب و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان سەربەخۆ بن و نابێ لە باڵی چەپی گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا بەشدار بن. هەروەک باسمان کرد لە ڕووی مێژووییەوە، پرسی سەربەخۆیی شۆرا و یەکیەتییە کرێکارییەکان لە حیزبە سیاسییەکان و سیاسەت بە گشتی تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕێکخراوە کرێکارییەکانی نزیک بە حیزبە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاتووەتە ئاراوە.
١٧ی دێسامبری ٢٠٢٣
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە