دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ڕاپرسییەک سەبارەت بە گەڵاڵەی “حیجاب و عیفاف” لە ڕۆژنامەی شەرق کە لە نێوخۆی ئێران بڵاو دەبێتەوە، “مێهدی ڕەحمانیان” بەڕێوەبەری ئەو ڕۆژنامەیە لەلایەن دادگای سیاسی و ڕۆژنامەگەریی ڕژیمەوە بە تاوانبار ناسرا.
ئەکبەر نەسروڵڵاهی وتەبێژی هەیئەتی دادگای سیاسی و ڕۆژنامەگەری وتی کە تاوانی ناوبراو بڵاوکردنەوەی بابەتی دوور لە ڕاستییە و دادستانی شاری تاران لەبارەی ئەو تیترەی کە بڵاو کراوەتەوە و نووسراوە ٨٤ لەسەدی خەڵکی ئێران دژی حیجابی زۆرەملێن سکاڵای تۆمار کردووە.
ڕۆژنامەی شەرق لە ڕۆژی ٢ی سەرماوەز سەبارەت بە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ ڕاپرسییەکی ئەنجام دا، بەپێی ئەو ڕاپرسییە ٨٤ لەسەدی خەڵکی ئێران دژی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا بوون و ئەو ڕاپرسییە بە بەشداری ١٢هەزار و ٣٠٠ کەس ئەنجام درابوو.
دواتر بەڕێوەبەری ئەو ڕۆژنامەیە لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیەوە ناچار کرا بە زۆر دان بەوەدا بنێت کە خۆی باسی لە ناڕازیبوونی ٨٤ لەسەدی خەڵک نەکردووە و ئەو میدیایانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن ئەو تیترەیان بڵاو کردووەتەوە.
سەڕەرای دانپێدانانی زۆرەملێ ناوبراویان ناچار کرد کە ئەو ڕاپرسییە لە سەر ماڵپەری ڕۆژنامەی شەرقیش بسڕێتەوە.