فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆڵبەری لە کوردستان، گیان لە گرەوی ناندا
پێنجشەممە ۳۰-۰۹-۱۴۰۲   |  21-12-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢ بەهۆی تەقەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی سنووریی باشماخی مەریوان کۆڵبەرێک بەناوی “عەلی قادری”، تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی گوندی “زنوری” سەربە شاری سنە گیانی لەدەستدا. هەر لە ڕۆژی دووشەممەدا لە ناوچەی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی بانە کۆڵبەرێک بەناوی “ئومێد ئیلاهی” تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز لە ناحیەی پشت و کەمەرەوە گولـلەی بەرکەوت. شەوی هەمان ڕۆژیش دوو کۆڵبەر بەناوەکانی “ئارمان ئەحمەدی” و “کۆسار پەتیام” هەر دووکیان خەڵکی گوندی “دشە”ی سەربە شارستانی پاوە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم لە ناوچەی سنووریی “نەوسوود” بریندار بوون. ڕۆژی سێشەممە ٢١ی مانگی سەرماوەز، دوو کۆڵبەر بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە ناوچەی سنووریی “هەنگەژاڵ”ی بانە بریندار بوون. ناسناوی ئەم کۆڵبەرانە “کەیوان ئەحمەدی” سی و چوار ساڵ تەمەن و خەڵکی سەقز و “مەحموود کامرانی” بیست و یەک ساڵ و خەڵکی شارستانی دیواندەرە ڕاگەیەندراوە. لە هەمان ڕۆژی ٢١ی مانگی سەرماوەزدا، کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی تەقەی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیم لە ناوچەی سنووریی نەوسوود بریندار بوو. ڕژیمی ئیسلامی بە نیگای ئەمنیەتی و میلیتاریزە کردنی سنوورەکان و بە درووستکردنی ژمارەیەکی زۆر بورجی دیدەبانی بۆ کوشتنی کۆڵبەران، کوردستانی کردووەتە قەتڵگای ئەم ئینسانە شەریف و زەحمەتکێشانە. هەموو حەفتەیەک هەواڵی کوژرانی کۆڵبەرانی بێدیفاع لە ناوچە سنوورییەکان، بنەماڵەی قوربانییان و خەڵکی ئەم ناوچانە نوقمی غەم و پەژارە دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە ڕەشبگیری، ئەشکەنجەی کۆڵبەران و تەنانەت شاردنەوەی تەرمەکانیان، بووەتە ڕەواڵی کاری هەمیشەیی هێزە ئەمنیەتی و ئینتزامییەکانی ڕژیمی ئیسلامی لەم ناوچانە.

کرێکاری کۆڵبەر لە کوردستان بۆ پەیداکردنی تیکەیەک نان، بێجگەلە مەترسیی مەرگ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕژیمی ئیسلامی، پێویستە مەترسیی کەوتنە خوار لە بەرزایی، خنکان لەناو ڕووبار، مردن لەناو بەفر و بۆران، هەنگاو خستنە سەر مینی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق بە گیان قەبووڵ بکات. واتە کۆڵبەر دەبێ گیانی بخاتە گرەوی نان. بەشێکی زۆر لەو کۆڵبەرانەی کە لەژێر سایەی مەرگدا لە سنوورەکان خەریکی کاری گواستنەوەی بارن، لە واقعدا هێزی کاری ئەجیرکراوی بازرگان و دەڵاڵانێکن کە لە شار و گوندە سنوورییەکاندا نیشتەجێن. ئەوان لە خاڵێکی سنوورییەوە کاڵا و کەلوپەل وەردەگرن یان هەناردەی شوێنێکی تری دەکەن و بەبێ ئەوەی هیچ مەترسییەک هەڕەشەیان لێ بکات، زۆرترین قازانج دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە و کرێیەکی زۆر کەمیش دەدەن بە کۆڵبەرەکان. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕکوودی بەرینی ئابووری لە ئێران و بەربەستە ماڵییەکانی کۆماری ئیسلامی، بووەتە موحەرکێک بۆ بازرگانی کردنی کاڵای “قاچاغ” لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان. لەم ساڵانەدا هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە شارەکانی کوردستان ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری و هەر ئەندازەش ژمارەی کۆڵبەران زیاتر بووە حەقدەستە کەمەکەیان کەمتر بووەتەوە. ئه‌وان بۆ ده‌رهێنانی نان ناچارن كۆڵبه‌ری بكه‌ن و هه‌ر ئه‌و جه‌بری نانه‌شه‌ وایان لێده‌كات كه‌ مه‌ترسیی و دژوارییه‌كان، به‌ گیان قه‌بووڵ بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ژماره‌ی كۆڵبه‌ران ده‌بێته‌ هۆی هاتنه‌خواری له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری حه‌قده‌سته‌كانیان، له‌ به‌رامبه‌ردا، كه‌سب و كاری به‌شێك له‌ بورژوا ـــ بازرگانه‌كانی كورد، پڕ ڕه‌ونه‌قتر ده‌كات. ئه‌وان بۆ وه‌ده‌ستهێنانی قازانجی زیاتر، كایه‌ به‌ گیان و ژیانی كۆڵبه‌ران ده‌كه‌ن.

له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا، كۆڵبه‌ری و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ جاده‌كانی مه‌رگ بۆ بەدەستهێنانی نان، “پیشە” به‌ ئه‌ژمار دێت. دەوڵەتانی ئەحمەدی نەژاد، ڕووحانی و ڕەئیسی لە حاڵێکدا بەڵێنی پەرەپێدان و باشترکردنی پیشە لە کوردستان دەدەن کە شارەکانی کوردستان لە بواری فاکتۆری گەشەی ئابوورییەوە لە زومرەی ناوچە بێبەشەکانی ئێران بەئەژمار دێن و لە بواری لەسەرێ بوونی ڕێژەی بێکاری بەتایبەت ئۆستانی کوردستان، یەکێک لە پێنج ئۆستانەکانی ئەوەڵی ئێرانە و نزیکەی ٢٥ لەسەد لە لاوان لەم ئۆستانەدا بێکارن. لاوازبوونی ژێرخانی ئابووری لە هەموو بوارەکان، نەبوونی بەرنامەی درێژماوە بۆ پێکهێنانی پیشەی پایەدار و هەڵاواردنی بەرین لە تەرخانکردنی بوودجەی پێویست بۆ ئۆستانی کوردستان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و ڕێژەی باڵای بێکاری. بەهۆی ئەم سیاسەتەوە نەتەنیا بۆشایی چینایەتیی نێوان هەژاری و سەروەت یەکجار قووڵتر بووەتەوە، بەڵکوو لە ناوچەکانی غەربی ئێران دیاردەی کۆڵبەری، کە لە بێکاری و نەبوونی پیشەی پایەدارەوە سەرچاوە دەگرێت، پەرەی سەندووە. بێجگەلە ستەمی چینایەتی، سیاسەتی سیستماتیک و پڕ لە جیاوازی و هەڵاواردنی حکوومەتی ئیسلامی دژبە خەڵکی کوردستان بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، و جەمعییەتێکی زۆر لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بەتایبەت لە شارە سنوورییەکان بێجگەلە کۆڵبەری ڕێگایەکی دیکەیان بۆ دابینکردنی پێداویستییە لانیکەمەکانی ژیانیان نییە.

پێداگریی ڕژیمی ئیسلامی لەسەر درێژەدان بە سیاسەتی شۆڤێنیستی و نیگای ئەمنیەتی بە کوردستان، زەمینەی عەینیی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی فەراهەم کردووە. واتە ئەو بزووتنەوە ڕادیکاڵەی کە کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنانی ستەملێکراو و کۆڵبەرانی کوردستان بزوێنەرین. بزووتنەوەیەک کە ئەم بێبەشی و بێمافییانە بە چارەنووسی حەتمیی ئینسانی ستەمدیدە نازانێت و دەیهەوێ کۆتایی بە هەموو ئەم نەهامەتی و بێبەشی و ستەمگەرییە بێنت. بزووتنەوەیەک کە بە هیمەتی جەریانی سۆسیالیستی، دەسەڵاتی شۆرایی خەڵکی کوردستانی خستووە ئاسۆوە. بێگومان جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان لەم خەباتە شۆڕشگێڕانە و مافخوازانەیەدا بەتەنیا نین. کرێکارانی سەنعەتی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، کرێکارانی فوولاد و هەفت تەپە، پەرستاران، مامۆستایان، خانەنشینان و خەڵکی زەحمەتکێشی شوێنەکانی تری ئێران کە لە دەسەڵاتی ئیسلامی وەگیان هاتوون و لە خەبات لەپێناو دابینکردنی ژیان و بژێویان هیچیان بۆ لەدەستدان نییە، لە ڕیزی چینایەتیی کۆڵبەراندان. چالاکان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران پێویستە ئاشناکردنی هەرچی زیاتری کرێکارانی ئێران و بیروڕای گشتی لەگەڵ بارودۆخی پڕلە مەترسیی “پیشە”ی کۆڵبەری و دەرد و ڕەنج و خەباتی مافخوازانەی کۆڵبەران بە ئەرکی خۆیان بزانن. پێویستە بەدژی کوشتاری کۆڵبەران و بۆ دیفاع لە مافی ئینسانیی هاوچینەکانی خۆیان، لە هیچ هەوڵێک دەریغ نەکەن.