سزای سێدارەی سەمیرا سەبزیانفەرد، بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین کە ١٠ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوە قوربانی منداڵ هاوسەری بوو.
سەرلەبەیانی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەز سزای سێدارەی سەمیرا سەبزیانفەرد، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوای پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا، ناوبراو لە کاتێکدا کە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە ناچار بە هاوسەرگیری کراوە.
سەمیرا سەبزیانفەرد، دایکی دوو منداڵ ١٠ ساڵ پێش، لە حاڵێکدا کە ١٩ ساڵی بوو بە تۆمەتی کوشتنی هاوسەرەکەی لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە یەکێکیان خوشکەکەی بووە لە شاری مەلاردی تاران دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندرا. خوشکەکەی ئەو کاتە تەمەنی ١٤ ساڵان بووە کە دوای دەستبەسەر کران بە پێبژاردنی ١٥٠ ملیۆن تمەن خوێنبایی ئازاد بووە.
ئەم بەندکراوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ئەمساڵ جارێکی دیکە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە، پێشتریش ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەز جارێکی دیکە گوازرابوویەوە ژووری تاکەکەسی و دواتر دیسان بۆ نێو بەندی گشتی گەرێندرایەوە.