کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد و داوای کرد کۆتایی بە هەموو جۆرەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە دژی کەمینەکان بهێنێت.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٧٨ـەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی خۆیدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، بڕیارنامەیەکی بۆ مەحکوومکردنی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پەسەند کرد.
ئەم بڕیارنامەیە کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لەلایەن نوێنەری کاناداوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیار کرابوو، بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی و ٣٠ دەنگی نەرێنی و ٦٨ دەنگی بێلایەن پەسەند کرا.
ئەم بڕیارنامەیە سەرکوتکردنی ئامانجدارانەی ژنان و کچان لە دنیای واقیعی و مەجازیی بەتوندی مەحکووم کردووە و داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کۆتایی بە هەڵاواردنی سیستماتیک و هەراسانکردنی جەستەیی و زارەکیی ژنان و کچان بهێنێت.
لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بە زۆربوونی لەسێدارەدرانەکان لە ئێران کراوە و بە پێچەوانەی پابەندبوونە نێونەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلامیان زانیوە. هەروەها باس لەوە کراوە کە لە دادگا نادادپەروەرەکاندا و دوای دانپێدانانی زۆرەملێی تۆمەتباران، لەژێر ئەشکەنجەدا سزای لەسێدارەدان دەرچووە.
لەو بڕیارنامەیەدا سەبارەت بە بارودۆخی بەندکراوان داوا لە ڕژیمی ئیسلامی کراوە کۆتایی بە ئەشکەنجە و سزای دڕندانە و نامرۆڤانە و سووکایەتی بهێنێت و سەرکوتکردنی سیستماتیک و گرتن و دەستبەسەریی سەرەڕۆیانەی ناڕازییان و بێسەروشوێنکردنیان ڕابگرێت.
جێگەی ئاماژەیە کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە تا ئێستا، بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتگوێ خستووە و زۆر جار دەرکردنی ئەو بڕیارنامانەی وەکوو مەبەستێکی سیاسی ناو بردووە.