مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی سەرماوەز کولیاتی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ١٤٠٣ی دوای کێشمەکێشی زاهیری لەگەڵ دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ پەسند کرد. ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە هەفتەی پێشوو مەجلیسی کۆنەپەرست، ئەم گەڵاڵەیەی بەهۆکاری ناتەبابوونی لەگەڵ بەناو “بەرنامەی حەوتەمی تەوسەعە” ڕەتکردبووەوە. بەڵام دوای گونجاندنی چند گۆڕانکاریی ورد، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی مانگی سەرماوەز لەلایەن کۆمیسیۆنی تەلفیقی بوودجەی مەجلیسەوە قەبووڵ کرا. بەپێی بەرئاوردنی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس زۆرێک لە داهاتە پێشبینی کراوەکانی ناو ئەم گەڵاڵەیە وەدی نایەن. بۆ نموونە سندووقەکانی خانەنشینی و تەرحی مەعیوبی یارانەکان بەرەوڕووی کەسریی ٢٧١ هەزار ملیارد تمەنی بوونەتەوە. هەروەها بەهۆی ئەعداد و ئەرقامی غەیری واقعیی ناو ئەم گەڵاڵەیە دەوڵەت بۆ ئیسلاحی قیمەتی کاڵا ئەساسیەکان مجبوور بە “شۆک دەرمانی”ی کۆمەڵگا دەبێت. کۆمیسیۆنی تەلفیقی بوودجەی مەجلیسیش وتوویەتی کە گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵ زیاتر لە ٤٢٠ هەزار ملیارد تمەن کەسریی دەبێت. بەم حاڵەشەوە ئەمساڵ مەجلیس بۆ داپۆشینی بەرینایی قەیران و فەلاکەتی ئابووری ڕەوتی لێکدانەوەی بوودجەی کردووەتە دوو مەرحەلەیی و لەم مەرحەلەیەدا باسی وردەکاریی دەرامەد و خەرجییەکانی نەکردووە.
لەم بارودۆخەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیازە بە سات و سەودا و هاودەستی نێوان مەجلیس و دەوڵەت لە سەرەوە و بە تاکتیکی بە زاهیر بردنەسەری حەقدەست و هاوسانسازیی حقوقی خانەنشینان، بوودجەی ساڵی داهاتوو سەریهەمبەندی بکات و خەڵک فریو بدات. لە دەقی پەسندکراوی گەڵاڵەی بوودجەدا، بردنەسەری ٢٠ لەسەدی حقووقی کارمەندان و ١٨ لەسەدی حقووقی خانەنشینان پێشبینی کراوە. ئەویش لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەت ئیختیاری هەبێت و بتوانێ ڕێژەی ماڵیات لەئاستی سەراسەریدا بۆ بەکارهێنەرانی هەموو کاڵاکان زیاد بکات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕێژەی تەوەرۆم لەسەرەوەی ٥٠ لەسەدە.
ژمارەیەک لە نوێنەرانی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەئامانجی بەهرەبەرداریی سیاسی بەقازانجی خۆیان، گۆشەهایەک لە سات و سەودای نێوان مەجلیس و دەوڵەتیان بۆ ئامادەکردنی گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتوو ئاشکرا کردووە. ئەندامێکی کۆمیسیۆنی عومرانی مەجلیس لە ناڕەزایەتی بە پێشنیاری دەوڵەت ڕیاکارانە وتی: ”لە حاڵێکدا کە تەوەرۆم لە سەرووی ٤٠ لەسەدە، دەوڵەت بۆ حقووقی کارمەندان و خانەنشینان بردنەسەری ٢٠ لەسەدی و ١٨ لەسەدیی لەبەرچاو گرتووە. وە لەبەرامبەریشدا خوازیاری ئەوەیە کە مەجلیس بە بردنەسەری یەک لەسەدی ماڵیاتی هەموو کاڵاکان دەنگ بدات. ئەگەر بە بردنەسەری ماڵیات دەنگ بدرێت، تەوەرۆم ئەوەندەی تر زیاد دەبێت و ئەگەر دەنگیش نەدرێ، کۆمەڵگەی خانەنشیان لە بەرامبەر مەجلیسدا کۆدەبنەوە”. هەر لەم پەپوەندەدا نوێنەرێکی دیکە لە موخالفەت لەگەڵ پێشنیاری بردنەسەری ماڵیات، دەوڵەتی خەتابار و ناکارامە وەسف کرد و دانی بەوە دانا کە: ”ئێمە لە ئەسڵدا ئەم ماڵیاتە لەخودی خانەنشینان وەردەگرین و دواتر بەشێکی دەدەینەوە بە خۆیان. ئێمە نابێ ناکارامەیی مودیریەتی خۆمان بە دەست کردنە ناو گیرفانی خەڵک جوبران بکەینەوە. ئایا دەزانن کە بردنەسەری ٥٤ و ٨ دەهومی لەسەدی ماڵیاتی کاڵا و خزمەتگوزاری، قیمەتەکان چەندە دەباتە سەرێ؟ ئایا بارودۆخی تەوەرومتان پێشبینی کردووە؟”
دەوڵەتی ڕەئیسیی قاتڵ دەیهەوێ بە تەرفەندی وەرگرتنی یەک لەسەد ماڵیاتی زیاتر لە خەڵک، بەشێک لە کەسری بوودجەی دەوڵەت کە سەرچاوەگرتوو لە قەیرانی ئابووری و گەندەڵی و دزیی ڕێبەران و بەرپرسانی ڕژیمە لە سفرەی خانەنشینان، کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دابین بکات. ئاشکرایە کە لە وەها بارودۆخێکدا بردنەسەری یەک لەسەدیی ماڵیات، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەندین لەسەدیی هەموو کاڵا پێویستەکانی خەڵک. ئەم گەڵاڵەیە بەقازانجی کارگێڕانی حکوومەت و سەرمایەداران و بە زەرەری هەموو کرێکاران و خانەنشینان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگایە.
لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ئەوە دەکات کە هەزینەی تەرحی هاوسانسازیی حقووقی خانەنشینان کە بەردەوام یەکێک لە داخوازییەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵیان بووە لە گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵدا گونجێندراوە، کە ئەمەش درۆیەکی دیکەوە و هیچی تر. دەوڵەت کە لە گەڵاڵەی بوودجەدا هیچ سەرچاوەیەکی بۆ دابینکردنی بواری ماڵیی ئەم تەرحە دیاری نەکردووە چۆن دەتوانێ ئیجرای بکات. بەڵام ناڕوون بوونی دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی تەنها تایبەت بەم بەشە نییە و زۆر بەشی تریش دەگرێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوە ماڵییەکانی مەجلیس زۆرێک لە داهاتە پێشبینی کراوەکان لەناو گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵ بۆ نموونە ماڵیات و داهاتی پەیوەندیدار بە ئەمواڵی دەوڵەت و فرۆشتنی نەوت جێبەجێ نابێت. خاڵێکی دیکە کە لە گەڵاڵەی بوودجە ئەمساڵدا لەبەرچاوگیراوە، تەرفەندی فریوکارانەی بەرکاهێنانی یۆرۆ لەجیاتی دۆلار لە موحاسباتی بوودجەدایە. لە حاڵێکدا کە نرخی یۆرۆ بەرامبەر بە دۆلار لەئاستی جیهانیدا سابت و زیاتر لە دۆلارە، لە موحاسباتی بوودجەی حکوومەتی ئیسلامیدا، قیمەتی یۆرۆ ٣١ هەزار تمەن لە نەزەر گیراوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە قیمەتی هەر ئێستای یۆرۆ نزیک بە ٥٥ هەزار تمەنە. بێجگەلە ئەمەش گۆیا قەرارە ڕۆژانە یەک ملیۆن و ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قیمەتی هەر بەرمیلێک ٦٥ یۆرۆ هەناردە بکرێت و پووڵەکەی بخرێتە حیسابی دەوڵەتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستا بەشێکی زۆر لە نەوت سپای پاسدران خۆی فرۆشتوویە و حیسابی بۆ دەوڵەت و مەجلیس نەکردووە.
ئەوەیکە لە گەڵاڵەی بوودجەی ئەمساڵدا دیارە ئینقبازی بوونیەتی. واتە نیسبەتی داهات و خەرجییەکان خوارتر لە ڕێژەی تەوەرۆم حیساب دەکات. بەمجۆرە لە ساڵی داهاتووشدا نەتەنها نانێک بە سفرەی کرێکاران و خانەنشینان و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگا زیاد نابێت بەڵکوو بارودوخی ژیان و گوزەرانیان خرابتریش دەبێت. ئەوەیکە بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا ڕوونە ئەوەیە کە حکوومەتی پادگانی و وەرشکستەی ئیسلامیی سەرمایەداران کە هەموو ڕۆژێ پەروەندەی دزی و گەندەڵیی سەدان و هەزاران ملیارد دۆلاریی ڕێبەران و مەسئوولانی لەقاو دەدرێ، لە قەباڵ بژێوی بنەماڵەکانیاندا هیچ بەرپرسایەتییەک وەئەستۆ ناگرێت. بەڵام ئەم دەسەڵاتە دژەئینسانە کە هەزینەی دەخاڵەتگەری لە ناوەندە قەیراناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تیرۆریزم و جەنایات و دزییەکانی خۆی لەڕێگەی هێرشکردنەسەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە دابین دەکات، دەبێ چاوەڕوانی وەڕێ کەوتنی لافاوی خرۆشانی ڕق و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ئەوان بێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتە نگریسەکەی.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
https://alternative-shorai.tv
https://cpiran.org
https://komala.co