بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢ حوکمی “سەمیرا سەبزیان”، منداڵ-هاوسەر و دایکی دوو منداڵی ١١ و ١٥ ساڵان کە بەتۆمەتی قەتڵی هاوسەرەکەی ساڵی ١٣٩٣ بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج، سەرەڕای هەوڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و ناڕەزایەتیی کۆمەڵگەی جیهانی بەڕێوەچوو. سەمیرا سەبزیان لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە ڕەوانەی ماڵی هاوسەر کرا و لە ماوەی ژیانی هاوبەشیدا بوو بە قوربانیی توندوتیژیی ناو ماڵ. سەمیرا لە ١٠ ساڵ لەمەوبەرەوە بە تۆمەتی کوشتنی شووەکەی دەستبەسەرکرا و لە هەموو ئەم ماوەیەدا لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ منداڵەکانی بێبەری کرا و بۆ یەکەم جار دوای هەموو ئەم ساڵانە بەر لە ئیجرای حوکمی ئیعدامەکەی، توانیی منداڵەکانی خۆی ببینێ. کەسوکاری سەمیرا هەوڵیان دا تا لە بنەماڵەی کوژراوەکە ڕەزایەت وەربگرن، بەڵام بەهۆی پێداگریی دایک و باوکی، لەم کارەدا سەرنەکەوتن. بەپێی ڕاپۆرتەکان سەمیرا دوای ڕاگوێزرانی بۆ ژووری تاکەکەسی توانای قسەکردن و ڕێگا ڕۆیشتنی لەدەستدابوو. ئەم شەرحی حاڵە کورتە بەڵام ژاناوییە، تەنها گۆشەیەکی چکۆلە لە بەرینایی زوڵم و ستەمێک نیشان دەدات کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا بەسەر سەمیرا و هەزاران ژنی دیکەدا سەپاوە.
سەمیرا کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بە ئیجبار بەشوو درابوو، لە ماوەی هاوسەرگیرییەکەیدا بەرەوڕووی توندوتیژی خێزانی بووەوە و هیچ پشتیوانییەکی یاسایی و بنەماڵەیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەبوو. ئەو دە ساڵ لە تەمەنی لەناو زیندان و لە چاوەڕوانیی مەرگدا بەسەربرد و سەرەنجام ژیانی بە قەتڵی دەوڵەتی کۆتایی هات. ڕەوانەکردنی سەمیرا بۆ ماڵی هاوسەر لە تەمەنی ١٥ ساڵی نیشانەی ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە هەڵاواردنی ڕەگەزی، بێبەریبوون لە خوێندن و ئیمکاناتی تەفریحی، هەژاری و گەلێک بێمافی دیکەی بەسەردا سەپاوە. هەموو ئەمانەش تەنها بەخاتری ژنبوون و لە سایەی یاسا و سیاسەتی دژەدن و دژەئینسانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بووە. ئەمە تەنها داستانی سەمیرا نییە. بەڵکوو بەسەرهات و چارەنووسی هەزاران ژنە کە ساڵانە لە ئێران دەبنە قوربانیی توندوتیژی، منداڵ-هاوسەری و قەتڵی نامووسی.
تەنها لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لانیکەم هەواڵی ٤٩ قەتڵی نامووسی بڵاوکراوتەوە کە لەم ژمارەیە ٤٥یان لەلایەن شوو، برا، هاوسەر و تەنانەت هاوسەری پێشووەوە ئەنجام دراوە. بێگومان ئاماری واقعی لەوەش زیاترە. چونکە هێندێک لەم قەتڵانە لەژێرناوی خوکوژیدا بڵاوکراونەتەوە و یان زۆریان میدیایی ناکرێنەوە. بەپێی هێندێک لە توێژینەوەکان، ساڵانە ٣٧٥ تا ٤٥٠ قەتڵی نامووسی و یان قەتڵ بەهۆکاری کێشەی بنەماڵەیی ڕوو دەدەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی خودی ناوەندەکانی ڕژیم، تەنها لە بەهار تا پاییزی ساڵی ١٤٠١ زیاتر لە ٢٠ هەزار هاوسەرگیریی کچانی کەمتر لە ١٥ ساڵ تەمەن بەڕێوەچووە و ئاماری منداڵ-هاوسەری لە ساڵی ١٣٩٩ەوە بەرەو ئەملا بەردەوام زیادی کردووە. هێندێک لە هۆکارەکانی چوونەسەری ڕێژەی منداڵ-هاوسەری لە ئێران، هەژاری و کێشەی ئابووری، باوەڕی فەرهەنگی، و سیاسەتی بردنەسەری جەمعیەت ڕاگەیەندراوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە منداڵ-هاوسەرەکان بە بێ هیچ جۆرە پشتیوانییەکی یاسایی، ئابووری و یان کۆمەڵایەتی بەرەوڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبنەوە و هەر کات ویستیشیان بۆ دیفاع لە خۆیان کارێک بکەن، تیغی یاسای کۆنەپەرستی و دژەئینسانیی ڕژیم گەردنیان دەبڕێت. بەڵام ئەگەر ژنێک ببێتە قوربانی و قاتڵ یەکێک لە پیاوانی بنەماڵە بێت، بێدادگاکانی ڕژیم بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن سزاکەیان بۆ کەم بکەنەوە.
کاتێک دەڕوانینە نیزامی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی لەپێناو بەهێزکردنی کلتووری پیاوسالاری و ژێژدەستەیی ژن، کاتێک دەڕوانینە توندوتیژیی هەموو ڕۆژێی سەرکوتگەرانی ڕژیم لەسەر شەقامەکان بەدژی ژنان، کاتێک دەڕوانینە یاسای دژی ژنی ڕژیم بۆ نموونە حیجابی ئیجباری، یاسای پێوەندیدار بە هاوسەرگیری و یان چەند هاوسەری، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە ئەوە خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە توندویتژی بەرامبەر ژنانی لەناو کۆمەڵگادا جێخستووە. ڕژیمی ئیسلامی پەرەپێدەر و هاندەر و هۆکاری سەرەکیی توندوتیژیی ژنانە و بەبێ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نیزامی هەڵاواردنی ڕەگەزیی ڕژیمی ئیسلامی ناتوانین چارەنووسێکی لەوە باشتر بۆ ژنانی ئێران تەسەور بکەین. سەمیرا سەبزیان قوربانیی ئەم سیاسەت و یاسایانەی ڕژیمی ئیسلامییە. قوربانیی ئاپارتایدی جنسیەتی، قوربانیی منداڵ-هاوسەری، قوربانیی هەژاری، قوربانیی توندوتیژیی سیستماتیک و لە یەک کەلامدا قوربانیی زیاتر لە چل ساڵ یاسای هەڵاواردن و یاسای دژەئینسان و دژەژنی حکوومەتی ئیسلامییە. وە سەرەنجام ڕژیمی ئیسلامی ئەم قوربانییەی خۆی دووبارە کردەوە قوربانیی ماشێنی ئێعدامەکەی تا شایەد بۆ کەسانی تر ببێتە عیبرەت و بەم قەتڵە عەمدەی، کۆمەڵگا لە ماشێنی کوشتارەکەی بترسێنێ.
بەڵام خەباتی ژنان لەماوەی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، موقاومەتی بەردەوام و ناڕەزایەتی و مانگرتنی بێپسانەوە و ڕوو لە گەشەی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان و توێژە بێبەشەکانی تری کۆمەڵگا، هەر هەموویان نیشانەی ئەوەیە کە جەماوەری خەڵکی ئێران هیچکات بە سیاسەت و جەنایاتی ڕژیم چاوترسێن نەبوون و بەشێوازی جۆراوجۆر بەرەنگاری دەبنەوە. لە بەرابەر جەنایات و سیاسەتی سەرکوتگەرانە و بێمافیی داسەپاو، ژنانی ئێران هیچکات تەسلیم نەبوون و ئەژنۆی خەمیان نەگرتووەتە باوەش. ئەوان زیاتر لە چوار دەیەیە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان کردووەتە گۆڕەپانی خۆڕاگری و خەبات بەدژی هەموو ڕەنج و نەهامەتییەکانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەدران. وە بە ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان لە هەموو ئاخێزەکانی کۆمەڵگای ئێران، پێگەی خۆیان وەک هێزێکی گرینگ و دەخاڵەتگەر لە ئێستا و داهاتووی ئێراندا نیشان داوە. بزووتنەوەی ژینا کە پایەکانی ئیدئۆلۆژیکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تێکشکاند و بەکردەوە زۆرێک لە یاساکانی هەڵاواردن و دژەژنی خستە ژێر پێوە. ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ و ٩٨ و دەورونەخشی بەچاویان لە ناڕەزایەتیی جەماوەری و مانگرتنی کرێکاری و کۆبوونەوەی خوێندکاران و خانەنشینان، هەر هەموویان نیشانەی خۆڕاگری و خەباتی ماندوویی نەناسانە و تەسلیم نەبوونی ژنانی ئێرانە لە بەرامبەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەرمایەداران. واتە دەسەڵاتێک کە هۆکاری سەرەکی و ڕەگ و ڕیشەی هەموو نەهامەتی و کێشەکانی ژنان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێرانە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە