بەپێی ڕاپۆرتەکان، سزای لە سێدارەدانی “ڕەزا ڕەسایی”، خۆپیشاندەری تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری کرماشان، لە لایەن لقی ١٧ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی پشتڕاست کرایەوە.
ڕەزا ڕەسایی، پێشتریش لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی یەکی پارێزگای شاری کرماشان بە تۆمەتی “کوشتنی نادر بەیرامی”، بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنرابوو. نادر بەیرامی ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی شاری سەحنە لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی سەید خەلیل عالی نژاد کوژرابوو. جێگای ئاماژەیە، ئەم سزایە بە دانپێدانانی زۆرە ملێی ڕەزا ڕەسایی و چەند کەسیتر کە لەگەڵی دەستبەسرکراون دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و دۆسیە دروست کردن بەسەریدا سەپێنراوە، و هیچ بەڵگەیەک لە ڕووی یاساییەوە لەم بارەیەوە تا ئێستا نەخراوەتە ڕوو. ڕەزا ڕەسایی، ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەز، لە شاری کەرەج لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان گواسترابوویەوە.