ڕۆژی دووشەممە ٤ی بەفرانبار، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە ڕەزی مووسەوی، کۆنترین ڕاوێژکاری سپای پاسدارانی ڕژیم و هاوڕێی نزیکی قاسم سولێمانی کوژرا. کوشتنی ناوبراو کاردانەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لێکەوتەوە و بەتوندی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل دەکەن.
“ئیرەج مەسجێدی” ڕاوێژکاری فەرماندەی هێزی قودسی سپای پاسداران وتی: ئەگەر ئیسرائیل بیهەوێ هێرش بکاتە سەر ئێران لەگەڵ خاک یەکسانی دەکەین.
هەروەها باسی لە هێزە نیابەتییەکان کرد کە ڕژیم پشتیوانیان لێ دەکات و وتی کە لە ئێستادا ئەو هێز و گرووپانە لە ناوچەدا زۆر بەهێز بوون و خۆیان توانای شەڕکردنیان هەیە، و پێویست بە دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی ناکات.
محەممەد باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم وتی: ئیسرائیل لە کوشتنی سەید ڕەزیدا تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە، و بێشک ئەو جینایەتەی بێ وڵام نامێنێتەوە.
لە درێژەی هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕژیمدا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامی، ڕەزا تەڵایی نیک وتی کە کاردانەوە بە کوشتنی ڕزی مووسەوی زیرەکانە و یەکلاکەرەوە دەبێت.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەبارەت بە کوشتنی ناوبراو لە سووریە کاردانەوەی نیشان دا و وتی کە ڕەزی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی قاسم سولێمانی بوو، ئێسرائیل دەبێ تاوانی ئەو کارەی خۆی بداتەوە.
دوابەدوای کوشتنی ئەو کاربەدەستەی ڕژیم و هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ وڵامدانەوەی هەر چەشنە هێرشێک کە لە سووریە و لوبنان بکرێتە سەریان، کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ڕەزی مووسەوی لە دەیەی هەفتای هەتاوییەوە، بەرپرس و پشتیوانی لۆجێستیکی هێزی قودسی سپای پاسداران لە سووریە بووە و ڕۆڵێکی گرینگی لە پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد لە شەڕی سووریە و لوبناندا هەبووە.