لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، ڕۆژی ڕابردوو لانیکەم ٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ٥ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە کرێکارانی شارەداریی تاران لە بەردەم بینای شارەداری ئەم شارە و کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوان لە ئەهواز و کرماشان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری جێبەجی کردنی داواکارییەکانیان بوون.
کۆمەڵێک لە کرێکارانی کارخانەی پۆڵاسازی لە ئەهواز بۆ چوارەمین ڕۆژ نەچوونە سەر کارەکەیان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. هاوکات کۆمەڵێک لە زێرفڕۆشەکان لە تاران و ئەردەبیل و ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی گەشەپێدانی پیشەسازی بیرینگی ئێران لە تەورێز مانیان گرت.
ڕۆژی دووشەممە ٤ی بەفرانباریش، کۆمەڵێک لە خانەنشینکراوانی موخابرات لە بەردەم بیناکانی ئیدارەی موخابرات لە بۆروجێرد و بۆجنوورد ناڕەزایەتییان دەربڕی.