فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە مەحکوومکردنی تاوانی شەڕی دەوڵەتی تورکییە بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە
شەممە ۰۹-۱۰-۱۴۰۲   |  30-12-2023

دەسەڵاتی فاشیستی تورکییە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشی نیزامی لە ئاسمان و زەوییەوە بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە (ڕۆژئاوا) پەرەپێداوە و ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی لە قامیشلوو، کۆبانی، عامودە و دەوروبەری عەفرین بۆمباران کردووە. لە هەلومەرجێکدا کە فەزای میدیای جیهان و بیرو ڕای گشتی لەسەر جەنایات و کۆمەڵکوژیی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە غەززە چڕ بووەتەوە، ئەرتەشی تورکییە بە کەڵک وەرگرتن لەم فورسەتە بەتایبەت لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی دێسامبرەوە هێرشی ماڵوێرانکەری درۆن و تۆپخانەی دژبە خەڵکی کوردستانی سووریە پەرەپێداوە. لەم ماوەیەدا دامەزراوەی ئاو و بەرقی شار و گوندەکان، نەخۆشخانەکان و ناوەندە دەرمانییەکان، کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسیژێنی نەخۆشخانەکان، کارخانە و کارگەکانی بەرهەمهێنانی پێداویستیی خەڵک و تەنانەت نانەوایی و ماڵی خەڵکی ئاسایی کراوەتە ئامانجی هێرشی درۆن و تۆپخانە. شەوی سێشەممە ٢٦ی دێسامبر نەخۆشخانەی مانگی سوور لە شاری کۆبانیش کرایە ئامانجی هێرشی ئاسمانی ئەرتەشی جەنایەتکاری تورکییە و لە کار کەوت. پەرەپێدانی هێرشە نیزامییەکانی دەوڵەتی تورکییە لە کوردستانی سووریە هاوکات لەگەڵ ئیدامەی هێرشی نیزامی و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی پەکەکە لە سنووری تورکییە و کوردستانی عێراق ئەنجام دەدرێ. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان کەس لە هێزە نیزامییەکانی تورکییە لە شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا کوژراون و برینداربوون. ئەرتەشی تورکییە کوژرانی ١٢ کەسی نیزامیی خۆی لەم هێرشانەدا پشتڕاست کردووەتە کە کاردانەوەی زۆر و ئیعتڕازاتی لە تورکییە بەدواوە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، لە هێرشەکانی تورکییە بۆسەر کوردستانی سووریە لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابروودا ٢٠ کەسی سیڤیل بریندار بوون و ٨ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە ڕۆژی سێشەممە تەرمەکانیان لە خۆپیشاندانێکی شکۆداردا بە بەشداریی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی قامیشلوو بەخاک سپێردرا. ئەم تاوانانەی ڕژیمی تورکییە نموونەی بەرچاوی تاوانی شەڕ و تاوان بەدژی مرۆڤایەتییە. دووڕوویی و فریوکاری ئەوەیە کە ئەردۆغان خۆی دژبە بە خەڵکی کوردستان ئەم جەنایاتە ئەنجام دەدات، بەڵام ئەنجامدانی هەر ئەم جەنایەتانە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین تاوان دژی مرۆڤایەتی ناولێدەنێت و سەرکۆنەی دەکات.

هێرشی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا و ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان، لەحاڵێکدا بەبێ نیگەرانی ئەنجام دەدرێ کە ئەرتەشی ئەمریکا کۆنتڕۆڵی فەزای ئاسمانیی ئەم وڵاتەی لە ئیختیاردایە. هەروەها هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لەژێرناوی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژبە داعش، کە “یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە هێزەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواش بەشێک لەم هاوپەیمانییەن، خاوەنی چەندین پایەگای نیزامی لە کوردستانی سووریەیە. کەوابوو نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە هێرشی ئەرتەشی تورکییە بەدژی خەڵکی کوردستانی سووریە بە تەوافوقی زمنی لەگەڵ ئەرتەشی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت. لە وەها بارودۆخێکدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستانی سووریە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا نەتەنها لەڕاستای بەرژوەندی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانی سووریەدا نییە، بەڵکوو لە ئیعتباری بزووتنەوەی مافخوازانەی ئەم ناوچەیەش زەربەی قەرەبوونەکراوەی داوە. دەوڵەتی ئەمریکا کە هاودەستی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە کوشتاری خەڵکی غەززەیە و پەروەندەیەکی پڕ لە کوودتا و جەنایەتی لە سەرکوتی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی سەرانسەری جیهاندا هەیە، ناتوانێ داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ماف و بەرژەوەندی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەملێکراوی کوردستانی سووریە بێت. لەلایەکی دیکەوە هاوئاهەنگی و هاوکاریی دەوڵەتانی کۆماری ئیسلامی، عێراق و سووریە لەگەڵ ڕژیمی تورکییە لە ئەنجامدانی هێرشی نیزامی و ئەمنیەتی و سیخوڕی بەدژی خەڵک لە هەموو بەشەکانی کوردستان، سیاسەت و ڕێکەوتنێکی هاوبەشە کە ئەم دەوڵەتانە سەرەڕای ناکۆکیی نێوانیان لەگەڵی موافقن و بە هاوکاریی یەکتر بەڕێوەی دەبەن.

کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بۆ جارێکی تر هێرشی نیزامی و تیرۆریستی و کردەوەی ئەمنیەتیی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە دژبە خەڵکی تێکۆشەر و ستەمدیدەی سووریە و ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانیان بەتوندی مەحکووم دەکات. کۆمەڵە لە هەموو خەڵکی ئازادیخواز، ڕەوتە سیاسییە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەو و ڕادیکاڵەکان داواکارە کە جەنایاتی دەوڵەتی تورکییە بەدژی خەڵکی کوردستان مەحکووم بکەن.

بێگومان لە بارودۆخی قەیراناوی و ئەوزاعی ئاڵۆزی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵکی تێکۆشەر و ستەملێکراوی کوردستانی سووریە تەنها بە یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی ڕەنجدیدە و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سووریە دەتوانن لە بەرابەر تاوان و دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکییەدا موقاومەت بکەن و بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد لە ڕێگای ئازادی و ڕەفاهدا هەنگاو هەڵگرن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٦ی بەفرانباری ١٤٠٢ی هەتاوی

٢٧ی دێسامبری ٢٠٢٣ی زایینی