فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کوژرانی لاوێکی خەڵکی شاری سنە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم
پێنجشەممە ۰۷-۱۰-۱۴۰۲   |  28-12-2023

لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا کاوە گەوێڵی، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “کێڵانە”ی سەر بە شاری سنە، لە شەقامی ٢٥ی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم جێگیر لە کەڵانتەری ١٥ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای ئەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵکی گەڕەکی ٢٥ی شاری سنە ڕووی داوە و ئەو هێزانە بە مەبەستی ناوبژیوانی خۆیان گەیاندووەتە شوێنی تێکهەڵچوونەکە، سپرەی بیبەریان بە دەموچاوی کاوە پاشیوە و هاوکات تەقەشیان لێ کردووە، دواتریش گوللەشیان بە لای چەپی سینگی ئەو لاوە ناوە و پاش ئەوەی کە بەسەختی بریندار بووە، بەسەر زەویدا ڕایانکێشاوە و بردوویانە بۆ بنکەی کەڵانتەری ١٥ی ئەو هێزانە.
بەگوێرەی زانیارییەکان کاوە گەوێڵی دوای کاتژمێرێک لە بنکەی کەڵانتەری هێزە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە و لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست داوە. سەرچاوەکی نزیک لە بنەماڵەی گەوێڵی لەم بارەیەوە ڕایانگەیاندووە؛ هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لەناو بنکەی کەڵانتەری ١٥ دیسان بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە پاش ئەو تاوانە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەشی کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک لەم بارەیەوە بڵاو بکرێتەوە و لەم پەیوەندییەشدا بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە.
شایانی باسە کە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی کاوە گەوێڵی بە ئامادەبوون و چاودێریی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە گوندی “کێڵانە”ی سەر بە شاری سنە بەڕێوە چووە.