فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگوێزرانی سەیوان ئیبراهیمی بۆ زیندان ناوەندی سنە
شەممە ۰۹-۱۰-۱۴۰۲   |  30-12-2023

ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی، دوای بانگکرانی لە لایەن لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای سنە، دەستبەسەر و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی یەک ساڵەی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای ١١ ساڵ بەندکردنەکەی لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە دادگای پێداچوونەوە لەبەر دەستدایە و لە ئەگەری پشتڕاست کردنەوەی، ١٠ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت. مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، سەیوان ئیبراهیمی لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “پێکهێنانی گرووپ و دەستە بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزای دە ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “چالاکی تەبلیغی دژ بە حکومەت” سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای یازدە ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. سەیوان ئیبراهیمی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دۆسیەیەکی دیکەدا، لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی” سزای یەک ساڵ بەندکران، دوورخستنەوە و ٤٠ زەربە شەلاق بەسەردا سەپێندرابوو. پێویستە بوترێ کە ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، سزای بەندکران و لێدانی شەلاق لە ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابوویەوە و هەروەها دوورخرانەوەی بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان هەڵوەشێندرابوویەوە. ئەو ئەندامەی لیژنەی بەڕێوبەریی ئەنجومەنی “فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین”، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بەفرانبار، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و لە ئاکامدا، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی سنە ئازادکرابوو.