فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پێویستیی پێکهێنانی شۆرای هاوکاریی چالاکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی بزووتنەوەی کرێکاری
سێشەممە ۱۲-۱۰-۱۴۰۲   |  02-01-2024

ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز لە ڕاگەیاندنێکدا ڕایگەیاند: «لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنی بەهێزی ئێمەدا، نوێنەرانێک کە بە خرەدی جەمعی و بە هێزی یەکگرتوویی سێ هەزار کەس لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، توانیمان بەشێکی گرینگ لە داخوازییەکانی مانگرتن بەشێوەی خوارەوە بەدەست بهێنین:

  • بەڕێوەبردنی تەقریبەن نیوەی گەڵاڵەی ڕبزبەندیی پیشەکان بۆ هەموو کرێکاران بە ئەرزشی ١٠ ملیۆن تمەن مانگانە بەشێوەی عەلەلحیساب تا ئیجرای کامڵی ئەم گەڵاڵەیە.
  • ئازادکردنی کارتە مەسدوودکراوەکان و گەڕانەوە بۆسەر کاری ٣٨ کەس لە هاوکارانی مافخوازی تەعلیقکراو.
  • تەرخانکردنی بڕی گەڵاڵەکراو بە کرێکارانی شیرکەتی شەفەق.»

دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز هەروەها لەم ڕاگەیاندنەدا تەئکیدی کردووە کە “گەیشتن بەم دەستکەوتە گەورانە و وەدیهاتنی بەشێکی بەرچاو لە مافەکانیان بە ئاکامی هاوپشتیی کەم وێنە و مانگرتنی یەکپارچەی کرێکارانی شەریف و زەحمەتکێشی گرووپی میللیی ئەهوازی دەزانن. لە کۆتاییدا لەسەر بەدواداچوونی باقیی خواستەکانیان لەوانە “گۆڕینی وەزعیەتی هاوکارانی شەفەق لە پەیمانییەوە بۆ قەراردادی، گەڕانەوە بۆسەر کاری کەریم سیاحی هاوکاری دەرکراو و ئەستاندنەوەی خاوەنداریەتیی شیرکەت لە بانکی میللی و بەشداریکردنی کرێکاران لە بەڕێوەبەرایەتی” تەئکیدیان کرد.

مانگرتنی شکۆمەندی کرێکارانی گرووپی میللیی فوولادی ئەهواز، درێژەی ناڕەزایەتیی کرێکاران لە ناوەندەکانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، مانگرتنی بەهێزی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی ئیسفەهان، هاوکات لەگەڵ درێژەی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی و سەرانسەریی خانەنشیان نیشانەی ئەوەیە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە جەرگەی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بۆشایی چینایەتیدا چۆن بەستێنی سیاسیی بۆ پێشڕەوەیی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران ئامادە و بەهێز کردووە و چۆن مەیلی دەروونیی کرێکارانی بۆ خەبات بەهێز کردووە. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە حاڵێکدا کە هێڵی هەژاری لە تاران مانگانە گەیشتووەتە ٣٠ ملیۆن تمەن و لە شارەکانی تر گەیشتووەتە سەرووی ٢٥ ملیۆن، نیشانەی لێوڕێژبوونی کاسەی سەبر و تەحەمولی کرێکارانە. سەرەڕای ئەوزاعی ئابووری و بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە بەسەر کرێکاران و زۆربەی کۆمەڵگادا سەپاوە، کۆماری ئیسلامی حازر نییە هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی کرێکاراندا ئەنجام بدات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکجار دەترسێ لەوەیکە چکۆلەترین پاشەکشە لە سیاسەتەکانی هەتا ئێستای، ڕووحیەی تەعەروزی لەناو بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان پەرەپێبدات و ببێتە هۆی سست بوونی پایەکانی ئەم دەسەڵاتە و سەرەنجام بیڕووخێنن. بەڵام پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان حەتمین. چونکە لە بەرابەر سیاسەتی دژەکرێکاریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و خاوەنکاران و خاوەنانی ناوەندە سەنعەتییەکان، کرێکاران بێجگەلە درێژەدانی خەبات هیچ ڕێگایەکی تریان لەبەر نییە.

ئەزموونەکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران و جیهان نیشانی دەدات کە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری بەستێنێکی زۆر گونجاو بۆ ڕێکخراوبوونی چینی کرێکار پێکدێنێت. ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی و سەربەخۆ لە دەوڵەت بەرهەمی خەباتە. ڕێکخستنی چینی کرێکار لە بۆشاییدا ناکرێ. مانگرتن کە ئامرازی خەباتی بەکۆمەڵی کرێکاران و خوێندنگەی پەروەردەکردنی چینی کرێکار و پێشڕەوانی ئەم چینەیە، لە هەمان حاڵدا ئامراز و مێکانیسمێکە کە کرێکاران لە ئاستی جەماوەریدا لە زەروورەتی ڕێکخراوبوون ئاگادار دەبنەوە. مامۆستایانی ئێران لە جەریانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی پەیگیرانەی خۆیاندا ڕێکخراوە مەحەلی و سەرانسەرییەکانی خۆیان پێکهێنا و لە جەریانی خەباتدا بەهێزتریان کرد. خانەنشینان لە جەریانی خەباتی سەنگەر بە سەنگەردا بە ئاستێک لە ڕێکخراوبوون گەیشتوون. شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت بەرهەمی خەباتی کرێکاران لەم ناوەندە سەنعەتیەیە. کۆمیتەکانی مانگرتن لەم ناوەندانەی بەرهەمهێناندا کە بوونەتە کانوونی ئیعتڕاز و مانگرتن، بەرهەمی خەباتی ئێستای کرێکاران بوون. کرێکارانی حەوت تەپە لە جەرگەی خەبات و مانگرتنی شکۆمەندی خۆیان بە بەڕێوەبردنی بەردەوامی کۆبوونەوەی گشتی یان مەجمەعی عموومی وەک پایەی ڕێکخراوی شۆرایی، بە دەخاڵەتدانی ڕاستەوخۆی کرێکاران لە بڕیاردان، بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ بەدواداچوونی خواستەکانیان، نیشانیان دا کە پێکهێنانی شۆرا کرێکارییەکان بابەتێکی مومکین و عەمەلییە. ئەم ئەزموونانە نیشانی دەدەن کە کرێکاران نابێ پێکهێنانی ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەری و سەربەخۆ لە دەوڵەت بۆ دوای ڕووخاندنی ڕژیمی ئیسلامی هەڵگرن، بەڵکوو پێویستە هەر ئەمڕۆ بۆ پێکهێنانی ئەم ڕێکخراوانە قۆڵ هەڵماڵین.

کرێکاران بەهۆی پێگەیەک کە لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و بەپێی پێگەیەک کە لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان هەیانە، بەخاتری خەسڵەتی جەمعیی بەرهەمهێنان و بەرژەوەندی هاوبەشیان، بەخاتری چەوسانەوەی توند و بێمافییەک کە بەردەوام بەسەریاندا دەسەپێ، ڕوو دەکەنە خەبات و لە ڕەوتی ئەم خەباتەدا لە زەروورەتی پێکهێنانی ڕێکخراو و سازماندان ئاگادار دەبنەوە. سەرمایەداران و ڕژیمی ئیسلامیی پشتیوانیان چ بیانهەوێ و چ نەیانهەوێ، کرێکاران ئەم ئەرکەیان بەڕێوەدەبەن. بەهۆی ئەم بەستێنە بابەتییانەیە کە مانگرتن و خەبات بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران. ئەم خەباتە ئەگەرچی هێندێک جار بەشێوەی ئاشکرا نییە بەڵام بەردەوام و بێ پسانەوە لەئارادایە. و لەسەر ئەساسی ئەم واقعیەتەیە کە هەوڵ بۆ یەکگرتووکردنی ڕیزی خەبات و ڕێکخستنی کرێکارن لەلایەن هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی ئەم چینە بووەتە بابەتێکی عەینی و ئاشکرا.

ئەزموونی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی و سەرانسەری خانەنشینان کە چەند مانگە درێژەی هەیە، مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری مامۆستایان بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە داخوازیی هاوبەش و هەبوونی ڕێکخراو و سازمانی سەرانسەری لە پێشمەرجەکانی پەیوەندی و سەرانسەری بوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانە. لە بارودۆخی ئێستادا نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی سەراسەریی کرێکاران بووەتە بەربەست لەسەر ڕێگای پێکەوە پەیوەنددران و سەرانسەری بوونەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران لە ناوەندەکانی سەنعەت و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا. بەلەبەرچاوگرتنی نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتی، ئەم ئەرکە کەوتووەتە سەر شانی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی ئێستای کرێکاران و ڕێبەران و چالاکانی کرێکاری لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێناندا. ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاری و ڕێبەران و چالاکانێک کە لە ناوەندە داغەکانی خەباتی کرێکاراندا حزووریان هەیە و لەگەڵ کرێکاران پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیکیان هەیە، دەتوانن لە پەیوەند لەگەڵ یەکتردا ڕێکخراو و ناوەندی وەک شۆرای هاوکاریی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و چالاکانی کرێکاری پێکبهێنن. ئەم شۆرای هاوکارییە دەتوانێ ڕێکخراوی سەرانسەریی مامۆستایان و خانەنشینان و باقیی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و ڕێبەران و چالاکانی دیکەی بەشەکانی چینی کرێکار لەخۆبگرێت. پێکهێنانی وەها ناوەندێک ناتوانێ جێگرەوەی ڕێکخراوەکانی جەماوەری و چینایەتیی کرێکاران لە شوێنەکانی کار و جێگرەوەی سازمانی سەرانسەری کرێکاران بێت، بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانێ تا ئاستێک بۆشایی نەبوونی ڕێکخراوی جەماوەری، چینایەتی و سەرانسەریی کرێکاران پڕ بکاتەوە و دەتوانێ لە پەیوەنددان و لە سەرانسەری کردنەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکاندا یارمەتیدەر بێت.