بانکی ناوەندیی عێراق، گەڵاڵەی قەدەغەبوونی مامەڵە بۆ دۆلاری ئەمریکای جێبەجێ کرد و ڕاگواستنی دراوی عێراقییەکان بۆ ٥ وڵات، لەوانە ئێرانی قەدەغە کرد.
بانکی ناوەندیی عێراق لە نوێترین بڕیاری خۆیدا و لە ڕاستای پێشگرتن لە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی دراو لە تاوانە داراییەکان و هەروەها هەڵاتن لە گەمارۆکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی، قەدەغەبوونی مامەڵەکان بە دۆلاری ئەمریکای لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە جێبەجێ کرد.
بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، ئەگەر شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو یان تۆڕی بانکی عێراق، پارەیەک بۆ ئەو ٥ وڵاتە بگوازنەوە، ئیتر هیچ دراوێکیان پێ نادرێ.
هەروەها شوێنەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکەکانی عێراق بۆ ڕاگواستنی پارە بۆ ئێران دەبێ لە ڕێگەی بازاڕی ئازادەوە هەوڵ بدەن کە جیاوازیی نرخەکەی ٢٠ لەسەدە.
هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی ژووری بازرگانیی کۆماری ئیسلامی و عێراق وتی کە بەم پێیە تێچووی هاوردەکردن بۆ هاوردەکارانی عێراقی ٢٠ لەسەد زیاترە و هەناردەکارانی ئێرانیش بە فرۆشتنی کاڵاکانی خۆیان بە دینار، ٢٠ لەسەد لە بایەخی کاڵاکەی خۆیان لەدەست دەدەن.
عێراق پاش چین، دووەمین وڵاتێکە کە کاڵای ئێرانی بۆ دەچێت و لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا، ٦.٩ میلیارد دۆلار کاڵای ئێرانی، هەناردەی عێراق کراوە کە بەگشتی ١٩ لەسەدی کاڵا هەناردەکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لەخۆ دەگرێ.
شایانی باسە کە وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا چەندین جار سیستەمی بانکیی عێراقی بە ڕاگواستنی نایاسایی دۆلار بۆ ئێران و سووریە تۆمەتبار کردووە و گەڵاڵەی نوێی بانکی ناوەندی عێراقیش بە هاواهەنگیی ئەمریکا ئامادە کراوە و جێبەجێ دەکرێ.