دوای دوو ڕۆژ مانگرتنی سەرتاسەری شکۆداری مامۆستایان کە پتر لە ٢٠٠ شار، ناوچە و ناحییەی ئامووزش و پەروەرشی تەنییەوە و تێیدا دەیان هەزار مامۆستا دەستیان لە کار کێشایەوە و کلاسەکانی دەرسیان تەعتیل کرد و پاشان ڕۆژی دووشەممە ١١ی مانگی ڕێبەندان وەک لافاوێکی خرۆشان هاتنە سەر شەقامەکان و کردیان بە گۆڕەپانی خەبات لەپێناو گەیشتن بە خواستەکانیان، ڕژیمی ئیسلامی ئەمجارەشیان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە دەستی دایە ئامرازی ڕەشبیگری و دەستبەسەرکردنی مامۆستایان.
بەپێی ڕاپۆرتەکان لەماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا چەندین مامۆستا بەناوەکانی “شەعبان محەممەدی و جەبار دووستی لە مەریوان، محەممەدعەلی زەحمەتکێش، ئەسغەر ئەمیرزادگان و قارەمان حاتەمی لە شیراز، و ئەحمەد حەیدەری، داوودی و ئەحمەدی لە تاران” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراون. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی ناڕازیی مەحکووم کردووە و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو مامۆستایانی بەندکراو و ڕاگرتنی پەروەندەسازی دژبە مامۆستایان بووە.
کرێکاران، خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکار!
ئایا دەبینن کە چۆن هەرکات دوژمنانی ئێمە هەست بە مەترسیی دەسەڵات و گوشاری هێزی خەباتی ئێمە دەکەن، هەرکات زانییان کە خەریکین سەنگ لەسەر سەنگ دادەنێنین و کۆدەبینەوە و پێکەوە هاوپەیمان دەبین و دێینە مەیدان، چۆن وەک گورگ پەلامار دەدەن و بەنهێنی و بە ئاشکرا ئێعدام دەکەن و ترس و خۆف دەنێنەوە و دەستبەسەرکردن و زیندان و ئەشکەنجە دەخەنە بەر ڕێگامان.
وشیار بن کە ئەمڕۆش لە وەحشەت و ترسدا، ترس لە تووڕەیی و نەفرەتی پنگخواردووی دەیان ساڵەی ئێمە، لەوەیکە مەبادا شکست و لاوازی و زەبوونییان، ئەمجارەیان بە قازانجی ئێمە تەواو بێت و کاریان یەکسەرە بکەین، هێرشەکانیان دەست پێکردووە. دەستبەسەر دەکەن، زیندانی دەکەن و دەبەنە بەر جووخە. دەست بەکار بن و ڕایگەیەنن کە دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە و ئێعدام دەبێ قەدەغە بکرێت! مامۆستای بەندکراو، بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت.
دەسەڵاتێک کە بەمجۆرە داماو و داوەشاوە، نابێ دیسان بۆ جارێکی دیکە دەرفەتی پێبدرێت تا بە چەکی زیندان پاشەکشە بە ڕیزەکانمان بکات. پێویستە لەبەر خرۆشی هاواری ئێمە بۆ هێنانەدەری دیلە بەندکراوەکانمان، دوژمنان بکەونە لەرزە، بتۆقن و باش حاڵی بن کە زیندان جێگای خودی ئەم جەنایەتکارانەیە.
جەماوەری ئازادیخوازی ئێران!
بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی ڕاپەڕن!
هیچ کەس نابێ بەخاتری باوەڕ و بەخاتری چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێئەملاوئەولای هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵگەیە. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی لە مافی ڕەوای خۆمان دیفاع بکەین!
هیچ کەس نابێ بەتاوانی خەبات بۆ مافەکانی خۆی، بەتاوانی ناڕەزایەتی دژبە فەلاکەت و ستەمکاری، بەتاوانی هەبوونی بیروباوەڕی جیاواز و ئەنجامدانی چالاکیی سیاسی دەستبەسەر و زیندانی بکرێت. ئەگەر قەرار بێت کەسێک بکەوێتە گۆشەی زیندانەکان، هۆکار و خوڵقێنەرانی باروودۆخی ئێستان کە دەبێ زیندانی بکرێن، واتە هەر ئەوانەی کە ڕۆڵەکانی خەڵک دەخەنە زیندان و ئەشکەنجەیان دەکەن. هەر ئەوانەی کە جگەرگۆشەکانی خەڵک دەکووژن و لە گۆڕە بێ ناو ونیشانەکاندا دەیاننێژن. هەر ئەوانەی کە سەروەتی کۆمەڵگە تاڵان دەکەن و باری گرانی ڕەنج و بێبەشی و بێ مافییان خستووەتە سەر شانی خەڵک.
ئێمە دەڵێین دەبێ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە لە ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسی، ئازادیی چالاکیی سیاسی و پێکهێنانی حیزب، ئازادیی باوەڕ و تەبلیغ کردنی، ئازادیی ڕادەربڕین و چاپەمەنی، ئازادیی کۆبوونەوە، خۆپیشاندان، مانگرتن، و ئازادیی پێکهێنانی شۆرا و سەندیکا و هەموو جۆرە ڕێکخراوێکی پیشەیی و سیاسی دیکە، بەهرەمەند بن.
کرێکاران، خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بەبێ دوودڵی بۆ دیفاع لە مافەکانی خۆتان ڕاپەڕن! لە بەرامبەر دەستدرێژیی پۆلیسیی حکوومەتی جەنایەتکاراندا ڕاوەستن و دەنگی ناڕەزایەتی دژبە پێشێلکردنی ئەم مافە ڕەوا ئینسانییانە بەرزتر بکەنەوە. لێبڕاوانە پەیگیری چارەنووسی مامۆستایانی بەندکراو و هەموو بەندکراوانی سیاسی بن و خوازیاری ئازادیی بێ شەرت و مەرجیان بن.
لەئاست باروودۆخی زیندانەکان ناڕەزایەتی دەربڕن، لە بەرامبەر یاسای زەبر و زەنگی دەسەڵاتی جەنایەتکاراندا تەسلیم مەبن. مونەزەم و دەستەجەمعی بڕۆنە مولاقاتی بەندکراوان. لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و ڕیزی مولاقات بکەنە ڕیزی ئەو خەڵکە ناڕازییەی کە بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسین. لە گەڕەک و کارخانە و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە. لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی خۆتاندا خواستی ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بێننە گۆڕێ و لێبڕاوانە لەسەری پێداگری بکەن.