لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠ بەندکراوی دیکە لەژێرناوی جۆراوجۆردا لە زیندانەکانی ئێران لەلایەن ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کراون. بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو و هرانا دوو ئۆرگانی هەواڵنێریی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی مانگی بەفرانباری ١٤٠٢ دوو بەندکراو لە زیندانی هەمەدان ئێعدام کران. ڕۆژی سێشەممە ١٢ی مانگی بەفرانبار حوکمی ئێعدامی داوود عەبدوڵڵاهی، دوای تەحەمولی زیاتر لە ١٣ ساڵ زیندان لە زیندانی قزڵحەسار جێبەجێ کرا. بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی میدیایی ئەردەبیل، لەماوەی هەفتەیەک پێش ١٢ی بەفرانبار حوکمی ٩ زیندانی کە پێشتر لە پەروەندەی جیاوازدا بەتۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی ئەردەبیل بەڕێوەچوو. ڕۆژی دووشەممە ١١ی مانگی بەفرانبار لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی زایینیدا خوێنڕێژانی ڕژیم لە زیندانی ناوەندیی کەرەج، پێنج کەسیان ئێعدام کرد. ڕۆژێک پێشتریش شەش بەندکراوی دیکە لە زیندانی بیرجەند و کەسێکی تر لە زیندانی عادڵ ئابادی شیراز ئێعدام کران. ڕۆژی شەممە ٩ی مانگی بەفرانبار لە زیندانی قزڵ حەسار بەندکراوێکی دیکەی دانیشتووی ئیلامیان ئێعدام کرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژی هەینیش ڕژیمی ئیسلامی دوو بەندکراوی دیکەی لە زیندانی مشکین شار ئێعدام کرد و ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی مانگی بەفرانبار جەلادانی کۆماری ئیسلامی سێ کەسی دیکەیان لە کاشان، بەندەرعەباس و یەزد کوشت. بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی مانگی بەفرانبار چوار بەندکراوی دیکە لە زیندانی بیرجەند لەلایەن ماشێنی کوشتاری ڕژیمەوە ئێعدام کران. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی “هەنگاو” ڕژیمی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٨٢٣ بەندکراو کە پێنجیان لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ بوون، ئێعدام کردووە. بێجگەلە ئەم ئێعدامانە، ڕژیمی ئیسلامی لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە دادگا فەرمایشییەکانیدا بۆ ١٥٥ بەندکراوی دیکە حوکمی ئێعدامی دەرکردووە کە هێستا ئیجرا نەکراون. ئاماری ئێعدام لە ساڵی ڕابردووی زایینی لەچاو ژمارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٢٠٢٢، ٤١ لەسەد بەرزبوونەوە نیشان دەدات.
ئەگەرچی ئێعدامی ژمارەیەک لە بەندکراوان و پەرەپێدانی کەشوهەوای سەرکوت بەئامانجی چاوترسێنکردن و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بزووتنەوە ئیحتمالییەکان بەردەوام بەشێک لە مەوجودیەتی ڕژیم بووە، بەڵام ئەمجارەیان سەرانی ڕژیم بەئاشکرا بۆ بەرەنگاربوونەوە دژبە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتنی کرێکاران، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی خانەنشیان و باقی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا، ئەم شەپۆلەی ئێعدامیان خستووەتە ڕێ. ئەم ئێعدامانە لە ئیدامەی تەهاجوم بۆ سەر ژنان بە “تاوان”ی لابردنی حیجاب، لە ئیدامەی هێرشی شیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان، لە درێژەی هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان و لە ئیدامەی پیلانگێڕی بۆ تێکشکاندنی مانگرتنی کرێکاران لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییەکان بەرنامەڕێژی کراوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسیدا دەست و پێ لێدەدات، لە ئاستی جیهاندا زیاتر لە ڕابردوو پەراوێز خراوە، لە هەلومەرجێکدا کە ستراتێژییەکەی بۆ بوون بە دسەڵاتی باڵای ناوچەکە شکستی هێناوە، دەزگای ئیدئۆلۆژیەکەی توانای مەشروعیەت بەخشینی بەم هەمووە هەژاری و فەلاکەت و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە لەدەست داوە و لەژێر گوشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هیچ پێگەیەکی لەناو بیروڕای گشتیدا نییە، لە وەها بارودۆخێکدا شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و سات لە دوای سات جەنایەت دەخوڵقێنێت. ئەم ڕژیمە بەنیازە لەوپەڕی داماویدا بە پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی و ئێعدامی بەندکراوان، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بە ڕووی ئەو خەڵکەدا بکێشێت کە ترسیان لە دەسەڵات ڕژاوە و هاتوونەتە مەیدانی نەبەردەوە و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕژیم ڕازی نین.
کرێکاران، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و خەباتکار!
هێرشی جەنایەتکارانەی داعش لە کرمان بووەتە دەرفەتێک بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا بە مەزلووم نەمایی، خۆی وەک قوربانیی تیرۆریزم نیشان بدات و بەم بیانووەوە شەپۆلی ئیعدامکردنی بەندکراوان خێراتر بکات و فەزای سەرکوت لە کۆمەڵگادا پەرەپێبدات. نابێ بە ڕژیم ڕێگە بدرێت بە بیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم ماشێنی کوشتاری بەندکراوان خێراتر بکاتەوە و بە ئەمنیەتی کردنی کەشوهەوای کۆمەڵگا، هێرش بکاتە سەر خەڵک. پێویستە ماشێنی کوشتاری ڕژیم ڕابگیرێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨دا بە هات و هاواری تەبلیغاتی و بە ڕێپێوانی تابووتەکان و بە قارەمانسازی لە قاسم سولەیمانیی تیرۆریست بەبیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی جەنگی ئەمریکا لەڕاستیدا بزووتنەوەی دادخوازیی کردە نیشانە کە بەدژی جەنایاتی ڕژیم لە جەریانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەزەڵوەری ٩٨ هاتبووە مەیدان. ئەمجاریش سەران و فەرماندەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەوڵ بۆ ئەمنیەتی کردنی زیاتری فەزای کۆمەڵگا لەڕاستیدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بەردەوامبوونیان کردووەتە نیشانە.
لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکگرتوو و یەکپارچە ڕاپەڕن! سزای ئێعدام قەتڵی عەمدی دەوڵەتییە. پێویستە بەرانبەر بە شەپۆلی ئێعدام لە مافی ژیانی ئینسان لێبڕاوانە دیفاع بکەین. پێویستە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی سزای ئێعدام یەکپارچە و یەکگرتوو بێینە مەیدان.
بۆ ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی پێویستە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرین. هیچ کەس نابێ بەخاتری بیروباوەڕ و بەخاتری چالاکیی سیاسی بخرێتە زیندانەوە. ئازادیی بیروباوەڕ و ئازادیی چالاکیی سیاسی مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە. بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شەقام و ڕێپێوان بەشێکی جیانەکراوەیە لە ئازادی ڕادەربڕین و بیروباوەڕ. هەروەک مرۆڤی شیاوی ئازادی و بەرابەری، قورس و قایم و بێ راڕایی پێویستە بۆ دیفاع لە مافە ڕەواکانمان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرین! لە بەرامبەر زیندانەکاندا کۆببنەوە و بە دەنگی ڕەساوە خوازیاری ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بن. لە گەڕەک و کارخانە و زانکۆ و شەقام درووشمی “بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت” بەرز بکەنەوە. خەبات دژبە سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی بکەنە بزووتنەوەیەکی سەرانسەری.
بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەرانسەری ئێران و بەرپاکردنی هەڵمەتی سیاسی و تەبلیغی لە دەرەوەی وڵات، دژبە ئەحکامی ئێعدام بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، دەتوانێ بەر بە درێژەی شەپۆلی ئێعدام، بەربە زیندانی کردنی تێکۆشەرانی سیاسی و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بگرێت. خەباتی سەرکەوتووانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی ئێعدام و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی لە هەلومەرجی سیاسیی ئێستادا دەتوانێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا چەند هەنگاو بەرەوپێش بەرێت.