بەپێی زانیارییەکان، “موحسین مەزڵووم” تەمەن ٢٧ساڵ و خەڵکی مەهاباد، “محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێهگولان، “وەفا ئازەربار” تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان و “پژمان فاتیحی” تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی کامیاران، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. شایانی باسە، ئەو سزایە لە بێدەنگی چڕوپڕی میدیاکان لە لایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ڕژیم پشتڕاست کراوەتەوە. بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە، بنەماڵەکانیان لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە هەتا ئێستا، هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە و تا ئێستا هیچ چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ منداڵەکانیاندا نەبووە. هەروەها پارێزەرەکەیان هەتا ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەیان بخوێنێتەوە. شایانی باسە، بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندا بوون، بەشێوەیەک کە “ئەفسانە یووسفی”، دایکی پژمان فاتیحی چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە بانگکراوە و وێڕای ئازاری جەستەیی و دەروونی هەڕەشەی بانگکران و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لێکراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە، پێشتر ئەندامی “حیزبی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران” بوون کە ڕۆژی ١ی گەلاوێژی پارەکە، لە گوندی “یەنگجە” سەر بە ناوچەی برادۆستی ورمێ دەستبەسەر کرابوون.