بەندکراوێکی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی “ئەمین مەلەکی” کە لە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ ماوەی بەندکردنەکەی کۆتایی هاتووە، جارێکی دیکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دۆسیەسازیەکی نوێ بۆی کراوە و دیسان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەمین مەلەکی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “ئێرانشا”ی سەر بە شاری سەقز و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەریان کردووەتەوە. لە ئاکامی بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، دەرکەوتووە کە ئەمین مەلەکی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ماوەی ٣ ساڵەی پەیوەندیدار بە دۆسیەکەی پێشووی، کە پێشتر بڕیار درابوو لە زێدی خۆی دوور بخرێتەوە و لە زیندانی کاشمەر ماوەی ئەو سزایە تێپەڕ بکات، دەستبەسەر کراوە و بۆ زیندانی سەقز گواستراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ئەمین مەلەکی، ساڵی ١٣٩٦ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش پێنج مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا. دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سەقزەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “یەکێک لە حیزبە نەیارەکانی ڕژیم”، سزای ٤ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و ئەو سزایەش لە دادگای پێداچوونەوە بۆ ٣٤ مانگ کەم کرایەوە، ئەو سزایە لەگەڵ سزای پێشووتری کۆ کرانەوە و ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٨ بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سەقز کراوە.