دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەک لە شاری شنۆ
دوشەممە ۱۸-۱۰-۱۴۰۲   |  08-01-2024
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “گردکشانە”ی سەر بە شاری شنۆ بە ناوی “جبرەئیل ئەحمەدپوور” تەمەن ٢٧ ساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم لەمشارە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بە بێ هیچ هۆکارێک هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و پاش بێڕێزی کردن بە ئەندامانی بنەماڵەکەی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. ئەم سەرچاوەیه ڕاشیگەیاندووە، تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەحمەدپوور بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام بووە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی جبرەئیل ئەحمەدپوور زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.