فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بێرێزی هێزەکانی ڕژیم بە بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە شاری سەقز
چوارشەممە ۲۰-۱۰-۱۴۰۲   |  10-01-2024

لە چوارەمین ساڵیادی کوژرانی سەرنشینەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، بنەماڵەی ڕزگار ڕەحیمی لە گۆڕستانی شانازی سەقز چووبوونە سەر مەزاری کوڕەکەیان کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی رژیمەوە بێڕێزییەکی زۆریان پێ کرا.
ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشتر گۆڕستانەکەیان گەمارۆ دابوو و هێزەکانیان جێگیر کردبوون. کاتێ بنەماڵەی ڕەحیمی کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ گەیشتنە گۆڕستانەکە، هێزە لیباس شەخسییەکان بێڕێزییان بەو بنەماڵە کرد و وتیان “کوژراون با کوژرابێتن، مافی ئەوەتان نییە پووستێر دابنێن، مافی ئەوەتان نییە بڵیندگۆ دابنێن، جگە لە قورئان مافتان نییە هیچ شتێک بخوێنن”. هێزە لیباس شەخسییەکان بێڕێزییان بە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکەش کردووە.
دەوری گۆڕستانەکە بە ماشینی سەمەندی سپی و بە ژمارەی سنە و هێزی ماتۆڕسوار گەمارۆ درابوو. ناو گۆڕستانەکەش هێزی لیباس شەخسیی لێ بوو و ژنێکیش کە سەر بە لیباس شەخسییەکان بوو لەنێو خەڵکەکەدا بوو.
“ڕزگار ڕەحیمی”، خەڵکی سەقز، هاوسەرەکەی “فەریدەغوڵامی” خەڵكی شاباد و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان “ژیوان”، لەگەڵ کۆرپەڵەیەکی چەند مانگەی فەریدە غوڵامی، یەکێک لە بنەماڵە کوژراوەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بوون.
تەرمی “ڕزگار ڕەحیمی”، لە گۆڕستانی شانازی سەقز و هەروەها تەرمی “فەریدە غوڵامی” و کوڕە ٤ ساڵانەکەیان “ژیوان” بەو هۆیەوە کە لە کرماشان لەدایک بوون، لە گێڵانغەرب بە خاک ئەسپێردراوە.
فەریدە غوڵامی لیسانسی تەڕاحی سەنعەتیی هەبوو، ساڵی ٨٣ چووەتە زانکۆی عیلم و سەنعەتی ئێران و لە کانادا تێکنێسیەنی کۆمپانیایەکی کارەبا بوو.
فەریدە و ڕزگار ٧ ساڵ پێش، بە بوورسییەی خوێندنی ڕزگار و بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن و وەرگرتنی دوکتورا کۆچیان بۆ کانادا کردبوو.