هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا و ئەمەش سێیەمین هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی ڕەحیم عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لەو شارە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هێزانە بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەو هاووڵاتییە کە مێوەفرۆشی هەیە و وێڕای ئەوەی کە دۆخێکی ترسێنەریان لەو شوێنە هێناوەتەوە ئاراوە، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
ڕۆژی سێشەممەی ئەم حەفتەیە دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی سیامەند مینا و کەریم سەنگەری (سەنگەرینیا) دەستبەسەرکران.
شایانی باسە کە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان لەو پەیوەندییەدا هیچ ئاکامێکی نەبووە.