فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەوسوود بەهۆی ئەشکەنجەدانی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە
پێنجشەممە ۲۱-۱۰-۱۴۰۲   |  11-01-2024

لاوێکی خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمەوە لە شاری کرماشان دەستبەسەر کرابوو، بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکانەوە گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی بەفرانبار، هاووڵاتییەک بە ناوی پەیمان عەبدی، لاوی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی شاری نەوسوودی سەر بە شارستانی پاوە لە پارێزگای کرماشان کە باوکی دوو منداڵ و حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە کرماشان و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی ئەو هێزانەدا چووەتە حاڵەتی کۆما، لە نەخۆشخانەی ئەرتەش لەو شارە گیانی لەدەست دا.
کەسێکی نزیکی ئەو لاوە گیانبەختکردووە ڕاگەیاند: “ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی ٥٢٠ی کرماشان ناسراو بە نەخۆشخانەی ئەرتەش، پەیوەندی بە بنەماڵەی عەبدییەوە کراوە و پێیانیان ڕاگەیاندووە کە تەرمی کوڕەکەیان لێرەیە و دەتوانن بێن وەریگرنەوە”.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند؛ پزیشکەکانی نەخۆشخانەی ئەرتەش بە بنەماڵەی عەبدییان ڕاگەیاندووە کە پەیمان عەبدی بەهۆی ئەوەی کە شتێکی ڕەق بەر سەری کەوتووە، گیانی لەدەست داوە. بەڵام ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی عەبدی و بە هەڕەشەکردن لەو بنەماڵەیە کە نابێت هەواڵی گیانلەدستدانی کوڕەکەیان بڵاو بکرێتەوە، پێیانیان ڕاگەیاندووە کە پەیمان عەبدی لە کاتی نانخواردن لە دەستبەسەرگەدا پارووە نان لە قوڕگیدا گیری کردووە و خنکاوە و بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
پەیمان عەبدی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی بەفرانبار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی کرماشانەوە لە شەقامێکی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە و هەر ئەو شەوە بەهۆی ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە، چووەتە کۆما و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەرتەش.
شایانی باسە کە لە ماوەی ئەو ٨ ڕۆژەی کە پەیمان عەبدی دەستبەسەر کراوە یان لە نەخۆشخانە لە کۆمادا بووە، بنەماڵەی عەبدی ئاگادار نەبوون و هیچ زانیارییەکان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەدەزانی و بەدواداچوونی بەردەمیان لەم پەیوەندییەشدا هیچ ئاکامێکی بۆیان نەبوو تاکوو ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانەی ئەرتەش پەیوەندییان پێوە کراوە و لە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان ئاگادار کراونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی بەفرانبار، دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامەیەکی نووسراو لەلایەن بنەماڵەی عەبدی کە نابێت هەواڵی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە، ئینجا تەرمی پەیمانیان ڕادەستی ئەو بنەماڵەیە کردووە.