بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئیمان حەسەنوەند، لاوی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی لوڕستان دوای ١١٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانبار، لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکاندا لە ئیدارەی ئاگاهی تاران گیانی لەدەستدا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە گرتووە و ئەوانیان لە مردنی ڕۆڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە و سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی ئەو بابەتە هۆشدارییان پێیانداوە. ئیمان حەسەنوەند ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی تاران لە گەڕەکەکەیاندا، لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی و لە حاڵێکدا کە بریندار بووە دەستبەسەر کرابوو. هاوکات مەجید ڕەزایی لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی خوڕەمئاوا لە ڕەوتی ئەو هێرشەدا و لە کاتێکدا کە مەبەستی هەڵاتنی بووە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە سەری کراوە بە ئامانجی دوو گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. شایانی باسە، ئەو دوو لاوە لە هاوڕێکانی ئیمان هیمەتی بوون کە ڕۆژی دووشەممە ١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بە زەربەی باتووم و تەقەی ڕاستەوخۆ لە سەری، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە لە تاران کوژرا. ناوبراو تەمەنی ٣٥ ساڵ و خەڵکی خوڕەمئاوا بوو.