هەتا کەی قەرارە خەڵکی ئەم وڵاتە لە چاوەڕوانیی ئێعدام و ئیجرای حوکمی ئێعدامدا ژیانیان تاڵ بێ؟ هەتا کەی، هەتا چەندە، دەبێ دەنگی منداڵانێک ببیستین کە لە نێوان ئومێد و نائومێدیدا هاوار دەکەن: “باوکم ئێعدام مەکەن … دایکم ئێعدام مەکەن … یان دەنگی ئەو دایک و باوکانەی کە هاوار دەەکەن: “کوڕەکەم … کچەکەم … یان هاوسەرەکەم … خوشکەکەم … براکەم … ئێعدام مەکەن؟ چەند هەزار کەسی تر دەبێ بە پەتی سێدارەوە بکرێن؟ کەی ئەم چەرخی کوشتارە ڕەسمی و “قانوونی”یە، ئەم هێمایەی مێژووی تەوەحوش، لەکار دەکەوێ و ڕادەوەستێ؟ بەداخەوە، هیچ نیشانەیەک لە ڕاوەستانی نابیندرێ. مخابن، لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا ژمارەی ئێعدامکراوان زیاتر بوون. چەندین ڕۆژە کە ناوی شەش جەوان: ڕەزا ڕەسایی، موجاهد کورکور، موحسین مەزلووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی و وەفا ئازەربار لە لیستی ئێعدامییەکاندان و هەموو ساتێکی خانەوادەکان و دۆستان و هەر هاووڵاتییەکی مرۆڤدۆست لە چاوەڕوانی ترسناکی کوشتنیاندا بەسەر دەچێت.
ئەم ئێعدامانە شکستی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ئایدیۆلۆژیی حاکمان نە جوبران دەکاتەوە و نە دایدەپۆشێ. تەنانەت ئیتر ئامرازی جێی متمانەی پاراستنی دەسەڵاتەکەشیان نییە. چونکە بەم کردەوەیان بەئامانجیان، کە پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن و چاوترسێنکردنی خەڵکە ناگەن. کاتێک ژیانی خەڵک ئاوێتەی هەژاری و نەهامەتی و مەرگ بووە، ئیتر هیچیان نییە تا بەخاتری لەدەستدانی بترسێن. لەم وڵاتەدا هەموو ئێعدامێک سیاسییە، تەنانەت کاتێک تاوانبارێکی “ئاسایی” لەدار دەدەن. چونکە بەئامانجی چاوترسێنکردنی خەڵک و پاشەکشەکردن بە ئەوان بەڕێوە دەچێت. دەیانهەوێ قفڵ لە زارەکان بدەن و دەست و پێیەکان بە زنجیری کۆیلەتی ببەستنەوە. پێشێلکردنی مافی ژیانی ئەم کەسانە بە پێشێلکردنی ناڕەزایەتی و مافی ئازادیی ڕادەربڕینی خەڵکەوە گرێ دەدرێت. پەرەسەندنی ژمارەی ئێعدامەکان لە جەرگەی بزووتنەوەی بەرینی ناڕەزایەتی و دوای ئەم بزووتنەوەیە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. لە جەریانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” و ماوەیەک دواتری، ژمارە ئێعدامەکان هێندە بەرز بووەوە کە جیاوازییەکی ٧٥ لەسەدیی لەچاو ساڵانی پێشوو تۆمار کرد. دەزگای تەبلیغی حکوومەت، بۆ داپۆشینی ئامانجی سەرەکی، بەردەوام ئێعدام بەجۆرێک لە “سزادانی تاوانباران و بە “بەڕێوەبردنی عەداڵەت” پێناسەی دەکات. بەڵام لە بەرامبەردا وتاری “ئێعدام قەتڵی حکوومەتییە” بووەتە بەشێک لە باوەڕی گشتی.
لەناو ئەو خەڵکەی کە لەئاست بەرینایی حوکمی ئێعدام لەماوەی چەندین دەیەی ڕابردوو زامدار و تووڕە و بێزارن، بە کوشتنی “یاسایی” ئینسانەکان مانۆڕی “عەداڵەت” نادرێ. بەپێچەوانەوە، بەتاوان پێناسەکردنی حوکمی ئێعدام هەنگاوێکی گرینگە بەرەو عەداڵەتی قەزایی و هەنگاوێکی ئەساسییە لە ئینسانیترکردنی کۆمەڵگا. پێویستە دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ هەمیشە کۆتایی بێت. وە ئەمەش بێگومان نایەتە دی مەگەر بە خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی و دژبەری ئێعدام.
هەر ئێستا شەش لاو مەترسیی ئێعدامیان لەسەرە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو شەپۆلێک لە ئەحکام و ئیجرای ئێعدام کەوتووتەتە ڕێ. هەرکات بەڵایەکی سرووشتیی وەک لافاو دێت و ژیانی بەشێک لە خەڵک لەناو دەبات، بەڕەسمی ئینسانیەت، زۆر کەس دەبنە یارمەتیدەر و باوەشی میهرەبانییان دەکەنەوە. لەئێستاشدا بەدژی شەپۆلی ماڵوێرانکەری ئەحکامی ئێعدام یارمەتیی خەڵک یەکجار پێویست و چارەنووسسازە. حوکمی ئێعدامی ئەم شەش لاوە دەبێ هەڵوەشێتەوە. ئەوان زیندانی سیاسین و ئەسڵەن نەدەبوو دەستگیر بکرێن. چونکە مافی ناڕەزایەتی، مافی چالاکیی سیاسی و مافی ئازادیی ڕادەربڕین مافی بنەڕەتی و سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە.
ناوەندی نووسەرانی ئێران خوازیاری هەڵوەشاندنەوە ئێعدامی ڕەزا ڕەسایی، موجاهد کورکور، موحسین مەزلووم، محەممەد فەرامەرزی، پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار و باقیی حوکمەکانی دیکەی ئێعدام و خوازیاری ئازادیی هەموو ئەو کەسانەیە کە بەهۆی چالاکیی سیاسی یان بەهۆی دەربڕینی بیر و بۆچوونی خۆیان زیندانی کراون.
ناوەندی نووسەرانی ئێران
٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢