لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دوای کۆچی دوایی لاوێکی وەرزشوانی خەڵکی سەقز لە تایلەند و هاودەردیی بەربڵاوی هاووڵاتییان لەگەڵ بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنییەکان لە شاری سەقز بنەماڵەی ئەمینی پووریان بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دووپات بوونەوەی ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی ژینا ئەمینی لەژێر گوشار داناوە تا لە پەیوەندی لەگەڵ کات و ڕێوڕەسمی گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو لاوە وەرزشوانە بۆ سەقز، سەبارەت بە بەشداریکردنی گشتی خەڵک، زانیارییەک بڵاو نەکەنەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەمینی پوور، ناوەندە ئەمنییەکان بریتی لە قایم مقام، فەرمانداری سەقز و ئیدارەی ئیتلاعات، هۆشدارییان بەو بنەماڵە داوە کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئەسپەردە کردنی، وەکوو ڕۆژی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و ئەو ناوەندانە هیچ بەرپرسیاریەتییەک لە پێناو ئەوەی ڕوو ئەدات قبووڵ ناکەن. ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەتا ئێستا کەمترین هاوکارییەکی بۆ گواستنەوەی تەرمی فەریار لە تایلەندەوە بۆ ئێران لەگەڵ بنەماڵەی ئەمینی پوور نەکردووە و دوای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە کۆچی دوایی ئەو لاوە سەقزییە لە تایلەند هەتا ئێستاش تەرمەکەی بۆ زێدەکەی خۆی نەگەڕێندراوەتەوە. جێگای ئاماژەیە، فەریار ئەمینی پوور تەمەن ٢٣ ساڵ و ئەندامی هەڵبژاردەی وەرزشی مووی تای ئێران، ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ئەمساڵ لە وڵاتی تایلەند بە هۆی ڕووداوێکی هاتووچۆ گیانی لە دەستدا.