فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەندیخانەی ئیلام؛ هەوڵی خۆکوشتنی وەحید چاوەڕان لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا
سێشەممە ۲۶-۱۰-۱۴۰۲   |  16-01-2024

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار وەحید چاوەڕان، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینا بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکردنی سزای دوازدە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی زاهیدان لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیەوە، هەوڵی خۆکوشتنی
دا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە ڕێگەی خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئیلام لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
وەحید چاوەڕان، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام، سەرجەم سزای ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زاهیدانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کە لە ماوەی دەستبەسەربوونەکەیدا بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەدرابوو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ مانگرتن، لە دەستبەسەرگەدا لێوی خۆی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دووریبووەوە.
وەحید چاوەڕان، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە کاتی چوونە دەرەوە لە ئێران بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ترسی دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە چەند مانگی لە شاخەکانی دەوروبەری ئاودانان تێپەڕکردبوو و لەو ماوەیەدا چەند جار هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەستبەسەرکردنیان دابوو.