فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەخێرایی خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆمە
چوارشەممە ۲۷-۱۰-۱۴۰۲   |  17-01-2024

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە بە خێرایی پیتاندنی ئۆرانیۆم دەباتە پێشەوە، درێژە بە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پشکێنەرانی ئاژانسیش دەدات.
ڕافائێل گروسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی “ناشناڵ” کە ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانبار بڵاو کرایەوە، جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکییە و دەبێت لە چوارچێوەی ئەم پەیماننامەیەدا پێبەندی بەڵێنییەکانی بێت.
 بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکیی ڕایگەیاند: ئێران تاکە وڵاتی غیرە ناوکییە کە خەریکی پیتاندنی ئۆرانیۆم بەو ئاستە بەرزەیە کە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی پێویستە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ٥ی بەفرانباری ئەمساڵیشدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە زیادکردنی ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ئاستێکی بەرزدا، لە ئێستادا بەشی پێویستی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدی هەیە، کە لە ئەگەری پیتاندنی زیاتردا دەتوانێت ٣ بۆمبی ناوکی دروست بکات.
هەروەها گروسی وتوویەتی: وێنەی گشتیی بەرنامەی ناوکیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەری دەخات کە ئەم بەرنامەیە بەخێرایی بەرەوپێش دەچێت. ئێمە دژی نین، بەڵام دەڵێین دەستپێڕاگەیشتن بە پشکێنەرانی ئاژانس دەبێت لەگەڵ ئەو جۆرە چالاکییانە هاوتەریب بێت.