یەکشەممە ١٤ی ژانویەی ٢٠٢٤، سەدەمین ڕۆژی بۆمباران و هێرشی دەوڵەتی فاشیستیی ئیسرائیل لە زەوی و ئاسمان و دەریاوە بۆسەر خەڵکی فەلەستین لە غەززە بوو. بەهۆی ئەم هێرشەوە کە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە دەستیپێکرد هەتا ئێستا سەد هەزار کەس کوژراون یان بریندار و بێ سەر و شوێن بوون. زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس لە خەڵکی فەلەستین لە غەززە هەتا ئێستا گیانیان لەدەستداوە. لەم ژمارەیەش هەتا ئێستا پتر لە حەوت هەزار کەس لە ژێر داروپەردووی خانووە بۆردومانکراوەکاندا نێژراون. سەدان تەرم لە پەراوێزی شەقامەکاندا بەجێماوە و بەهۆی بەردەوامی بۆردومان و هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە، دەرهێنان و ناسینەوەیان دژوارە. زیاتر لە ١٢ هەزار منداڵ و نزیکەی ٣٥٠ کارمەندی تەندروستی و زیاتر لە سەد ڕۆژنامەنووس بوونەتە قوربانی تاوانە جەنگییەکانی حکوومەتی ئیسرائیل. هەروەها یەک ملیۆن و نۆ سەد هەزار کەس، واتە نزیکەی لەسەدا هەشتای کۆی دانیشتوانی کەرتی غەززە ئاوارە بوون و زیاتر لە حەفتا هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون. یۆرۆ-مێد، ڕێکخراوێکی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ، بە خستنەڕووی ئەو ئامارانەی سەرەوە و بە کۆبەندیکردنی خەساری گیانی و وێرانکاری لە غەززە، ڕایگەیاند کە “ئیسرائیل بە ئەنقەست ژێرخانە مەدەنییەکانی کردووەتە ئامانج. بۆ ئەوەی هەرچی زیاتر خەسار و وێرانکاری لێبکەوێتەوە و بەمجۆرە دەیهەوێ تۆڵەی بەکۆمەڵ بکاتـەوە. وە ئەمەش بەپێێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە و کۆنوانسیۆنی ١٩٤٩ی ژنێڤە. بەپێی ئەساسنامەی ڕۆم، کە بەسەر دادگای نێودەوڵەتیدا حوکم دەکات، ئەم کردەوەیە تاوانی شەڕ دێتە هەژمار.
پێنجشەممە ١١ی ژانویەی ٢٠٢٤، دادگای نێونەتەوەیی داد، سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆسەی بەدواداچوونی دۆستەی سکاڵای ئەفریقای باشوور لە دەوڵەتی ئیسرائیلی بەتاوانی جینوساید و کۆمەڵکوژی لە لاهە دەستپێکرد. ئەو بەڵگانەی کە پارێزەرانی ئەفریقای باشوور لە دادگای لاهە پێشکەشیان کرد دەرخەری وەحشیگەریی سیستماتیک و جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیلە کە لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە هەتا ئێستا بەدژی خەڵکی بێدیفاعی غەززە ئەنجامی داوە. عادلە هاشم، پارێزەری دادگای باڵای ئەفریقای باشوور، لە وتاری سەرەکیی خۆیدا ڕۆژی پێنجشەممە وتی: ”لەماوەی ٩٦ ڕۆژی ڕابردوودا دەوڵەتی ئیسرائیل بەپێی پێناسەی مێژووی جەنگی مۆدێرن، غەززەی خستووەتە ژێر قورسترین بۆمبارانەوە. خەڵکی فەلەستین دەچنە هەر شوێنێک لەژێر بۆمبارانی بێ ئەماندان. ئەوان لە ماڵەکانی خۆیان، لە سەرپەناکان، لە نەخۆشخانەکان، لە خوێندنگاکان، لە مزگەوتەکان، لە کلیساکان، و لە کاتی گەڕان بەدوای ئاو و خۆراک بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان دەکوژرێن. خەڵک چۆڵی بکەن یان نەکەن، تەنانەت ئەگەر لەو مەسیرە ئەمنانەی کە خودی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە ڕابکەن، دیسانیش هەر دەکوژرێن”. ئەو فەرمانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی باکووری غەززە هاوکات لەگەڵ بڕینی سووتەمەنی و ئاو و خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان و هێرش بۆ سەر ناوەندە دەرمانییەکانی بە جینوساید و بە هەوڵ بۆ کۆمەڵکوژکردنی غەززە وەسف کرد. بەپێی ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکان، غەززە لەئێستادا لە خرابترین قەیرانی برسیەتی لەئاستی جیهاندایە و ئەمەش هۆکارەکەی هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل و گەمارۆی خەڵکی سیڤیلە. لەئێستادا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە غەززە، واتە یەک لەسەر چواری هەموو دانیشتووانی، لەژێر مەترسیی قاتی و مەرگی دەستەجەمعیدان. هەشتا لەسەدی هەموو ئەو کەسانەی کە لەئاستی دنیادا بەدەستی برسیەتییەوە دەناڵێن لە غەززەن.
ئەو ڕاپۆرت و وێنە ئامارییانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکراونەتەوە، وتاری پارێزەرانی ئەفریقای باشوور و ئەو بەڵگانەی کە لەم دادگایەدا خراونەتە ڕوو، دیمەنەکانی هەموو ڕۆژێ تەڵەفات و وێرانکاریی غەززە کە لەبەرچاوی هەموو خەڵکی جیهاندا بەڕێوەدەچێت، بەڕوونی نیشانی دەدا کە ئەوەی ئێستا لە غەززە ئەنجام دەدرێ کۆمەڵکوژییەکی بەتەواومانایە. ئەگەرچی تۆمەتی جینوساید بەفەرمی بەدژی دەوڵەتی ئیسرائیل گەڵاڵەکراوە، بەڵام بێگومان دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، ئاڵمان و ئیتالیاش وەک پشتیوانی سەرەکیی دەوڵەتی ئسیرائیل لەبواری سیاسی، ماڵی و تەسلیحاتی و میدیایی، لە تۆمەتبارانی ئەم جینۆسایدەن. پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی دەوڵەتی ئەمریکا لە دەسەڵاتی نەتانیاهۆ و ڕاگەیاندنی ئەوەیکەی کردەوەی جەنگیی ئیسرائیل نابێ بە جینۆساید پێناسە بکرێ، لەڕاستیدا بەمانای هاودەستیی ئاشکرای دەوڵەتی ئەمریکا لەم جەنایاتە جەنگییەدایە. حمایەتی بێ شەرت و مەرجی ئەمریکا، بریتانیا و ئاڵمان و دەوڵەتەکانی تر لە “مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل” تەنها دیفاع لە ڕەگەزپەرستیی دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵکوو بەمانای دیفاع لە بەربەریەتی نیزامی سەرمایەدارییە کە دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان سەرەڕای جیاوازیی بەرژوەندیان، خوازیاری پاراستنین. جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیل لە غەززە ئەوە دەردەخات کە هەروەک چۆن پڕۆسەی زاڵبوونی دەوڵەتی ئەمریکا بەسەر هەموو جیهان لە سەردەمی دوای شەڕی سارددا میلیتاریزم و شەڕی خوێناوی بەدوای خۆیدا هێنا، لاوازبوون و دامرکانی هێژموونی ئەمریکاش لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵکوژی و پەرەسەندنی میلیتاریزمی لێدەکەوێتەوە.
بەڵگە پێشکەشکراوەکان بە دادگای لاهە نەتەنها بۆ ڕاگرتنی هێرشی نیزامیی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، کە یەکێک لە خواستەکانی دەوڵەتی ئەفریقای باشوورە لە سکاڵاکەیدا، بەڵکوو دەبێ بۆ دەستگیرکردنی دەستبەجێ سەرانی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاودەستە جیهانییەکانیشیان کافی بێت. بەڵام وەها چاوەڕوانییەک لە نیزامی جیهانی سەرمایە و دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی لەوانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگاکانی، خۆشباوەڕییە و هیچی تر. بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارەکەی خۆیدا بەبۆنەی سەدەمین ڕۆژی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، وێڕای پێداگری لەسەر درێژەی کۆمەڵکوژی لە غەززە وتی: ”هیچ کەس ناتوانێ بەر بە ئێمە بگرێ، نە لاهە، نە میحوەری شەڕاشۆیی و نە هیچ کەسێکی تر”. دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدژی خۆی نادیدە گرتووە و ئەم ڕێکخراوەش لەبەرامبەر سەرپێچییەکانیدا هیچ هەنگاوێکی گاریکەری هەڵنەگرتووە. بۆ نموونە ١٤٠ پەسندکراوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مەحکوومکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ هەتا ٢٠٢٢ لەلایەن ئەم دەوڵەتەوە نادیدە گیراوە.
بێگومان دەستپێکی دادگای لاهە بۆ بەدواداچوونی جینوسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دەستکەوت و بەرهەمەکانی بزووتنەوەی جیهانییە بەدژی تاوانە جەنگییەکانی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە غەززە. بەدەر لە ئاکامی نیهایی دادگای لاهە و ئامانجی دەوڵەتی ئەفریقای باشوور لەم سکاڵایە وەک ئەندامێکی سەرەکیی گرووپی “بریکس”، گرینگیی ئەم دادگایە لەوەدایە کە توانیی وێنەیەکی حاشاهەڵنەگر لە جەنایاتی سیستماتیکی دەوڵەتی ئیسرائیل بەدژی خەڵکی فەلەستین بە هەموو خەڵکی جیهان نیشان بدات. دادگای لاهە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل بە پشتیوانیی سەرمایەی جیهانی بە سەرکردەیی دەوڵەتی ئەمریکا و بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری کە بە وشە جوانەکانی وەک “دیموکراسی” و “مافی مرۆڤ” ڕازاوەتەوە، بۆ بیروڕای گشتیی جیهان زیاتر ئاشکرا بێت. بێگومان بۆ کۆتایی هاتنی جینۆسایدی غەززە و تاوانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل، نابێ چاوی هیوامان لە دەوڵەتەکان و لە هیچکام لە جەمسەرەکانی سەرمایەداری بێت، بەڵکوو بزووتنەوەی جیهانیی دژی شەڕ و دژی کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل دەبێ بە هێزێکی مەزنترەوە بێتە مەیدان و زیاتر لە ڕابردوو بچێتە ناو کارخانە و ناوەندە سەنعەتییەکان و بەندەرگاکانەوە.