سەرەڕای فشاری ئەمنییەتی و کارشکێنیی هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕێبەندان دووهەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرین لە مامۆستایان بەڕێوەچوو.
ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان نەدا کە لە شوێنی دیاریکراو کۆبوونەوەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام مامۆستایان کۆبوونەوەکەیان بەڕێوەبرد و سەرەڕای حزووری هێزە ئەمنی و نیزامییەکان، لە هەڵبژاردنی بەرپرسانی نوێی ئەنجومەنەکەدا بەشدارییان کرد. شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، ژمارەی مامۆستایانی بەشداربوو لە دووهەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنەی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس ڕاگەیاندووە. لە کەناڵی تێلێگرامیی شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایاندا کلیپێک لە قۆناغی هەڵبژاردنی بەرپرسانی نوێی ئەنجومەنی پیشەیی دەبیندرێت کە تێیدا مامۆستایان بە کاندیداکانی خۆیان کە ناویان بە دیوارەوەیە دەنگ دەدەن. دووهەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە لە حاڵێکدا بەڕێوەدەچێت کە لەسەر بانگهێشتی شۆرای هاوئاهەنگی، مامۆستایان دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان لە شارە جۆراوجۆرەکان لەوانە لە سنە هاتنە سەر شەقامەکان و خوازیاری وەدی هاتنی خواستەکانیان بوون.