لە کۆتاییی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم شەش هاووڵاتی بە ناوەکانی “سیروان سپێهری، مستەفا سامی، هەژار ئەحمەدیئازەر، ناسر عەلیپوور، ڕێبوار کووهگەرد و ئارام سەبزی”، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانبار، دەیان کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر ماڵی چەند چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری بۆکان و لانیکەم سێ کەس بە ناوەکانی “سیروان سپێهری، مستەفا سامی و ئارام سەبزی”، تەمەن ٣٠ ساڵە، دەستبەسەر کراون. لە درێژەی دستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “هەژار ئەحمەدیئازەر”، تەمەن ۵٢ ساڵ، “ناسر عەلیپوور”، تەمەن ۵٢ ساڵ و “ڕێبوار کووهگەرد”، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە دەستبەسەر کراون. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو ۶ هاووڵاتییە بە شێوەیەکی دڕندانە و بەبێ هیچ هۆکارێک لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراون و هەروەها سەرجەم مۆبایل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیشیان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو شەش هاووڵاتییە و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان لەو بارەوە هیچ ئاکامێکی نەبووە.