کچە خوێندکارێکی لاوی خەڵکی شاری کۆیەشت بە ناوی “ئاناهیتا ئەمیرپوور”، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری “بروجێرد”ی سەر بە پارێزگای لوڕستان گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکان، ناوەندە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەو کچە خوێندکارە بۆ داپۆشینی ئەم تاوانە دڕندانە حکوومەتییەی خۆیان و دەیان هەوێت کوژرانی ئەو کچە لاوە پەیوەندی بدەنەوە بە تەقەینەوەکەی کرمانەوە. ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٩ی بەفرانبار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناوچەی “نیزاماباد”ی شاری بروجێرد تەقەیان لە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆی ٢٠٦ کردووە و بەم هۆیەشەوە کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی ئازادی بروجێرد، گیانی لەدەست داوە. شایانی باسە، کەسێک بە ناوی “م. جەلایی فەر”، خەڵکی شاری بروجێرد شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و خۆشی خوێندکارە، بەسەختی بریندار بووە و هەنووکەش لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی “چەمران”ی شاری بروجێردە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو خوێندکارە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان بوەستێنن و دایانبەزێنن، بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەسانە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە، شۆفێرەکەش ترساوە و ویستوویەتی هەڵبێت، کەچی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دەستڕێژی گوللەیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو لاوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ناوەندە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵە و هاوڕێیەکانی ئەم دوو خوێندکارە کە نابێت لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک بڵاو بکەنەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو فەرمانبەری نەخۆشخانەی “چەمران”ی بروجێرد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کران و هەڕەشەیان لێ کراوە.