ڕاگوێزرانی بەندکراوێک بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ناوەندی کەرەج
دوشەممە ۰۲-۱۱-۱۴۰۲   |  22-01-2024
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕێبەندان، فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبی و مەحکووم بە ئێعدام و خەڵکی شاری سەقز کە چواردەیەمین ساڵی بەندکرانەکەی بە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی تێپەڕدەکات، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە.
جێگای ئاماژەیە، فەرهاد سەلیمی لەگەڵ سێ کەس لە هاودۆسیەکانی بەناوی “ئەنوەر خزری، خەسرەو بیشارەت و کامران شێخە”، لە ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج مانیان لە خواردن گرتبوو. ئەو بەندکراوانە بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزای “داوود عەبدوڵڵاهی”، بەندکراوی هاودۆسیەییان و چوونەسەرەوی ئەگەری لەسێدارەدانی خۆیان مانیان لە خواردن گرتبوو.