
رۆژی چواری ڕێبەندان بیستەمین ساڵیادی خەڵتانی خوێن کردنی خەباتی کرێکارانی موجتەمەعی مسی ” شاری بابەک” لە خاتون ئابادە. ئەم رووداوە ئەزمونێک بوو بۆ بزووتنەوەی کرێکاری ئێران کە چوار کریکار و منداڵێکی قوتابی تێدا بوونە قوربانی. کوشتاری کرێکاران لە خاتون ئاباد لە رۆژی ٤ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٨٢ لە کاتێکدا ڕوویدا کە ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی لە دەسەڵاتدا بوون. لەو ڕۆژانەدا کە خاتەمییەکان، کەڕووبییەکان و مووسەوییەکان تەپڵی داکۆکیکردن لە مافە مەدەنییەکانیان دەکوتا. ئەوان سەرەتا لە بەرانبەر گوشاری ناوەندە کرێکارییەکاندا لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵات بەڵێنیاندا کە بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوە بکەن و دهستوپێوهندهكانی ئەو کوشتارەی کرێکاران بناسێنن، بەڵام وەک زۆربەی حاڵەتەکانی تر قەت بەڵێنەکەیان نەچووە بواری جێبهجێ كردنهوه. ڕیفۆڕم خوازەکانی دەسەڵات بەدواداچوون بۆ ئەم رووداوەیان پشتگوێ خست و لە بەرانبەردا، نەخشە و پیلانە دژی کریکاریەکانی تریان جێبەجێ کرد.
ئەو رووداوانەی کە سەرئەنجام لە رۆژی ٤ ی ڕێبەنداندا بوو بە هۆی کوشتاری کرێکارەکان، لە رۆژی ١٥ی مانگی بەفرانبارەوە دەستی پێکردبوو. ئەو کات بەڕێوەبەرایەتیی مەعدەنی زەوبی مس هەڵکەوتوو لە گوندی خاتوون ئابادی شاری بابەک بەبیانووی کۆتایی هاتنی کاری ساختمانی ئەم ناوەندە، ٢٠٠ کرێکاری دەرکرد. رۆژی ١٥ ی مانگی بەفرانبار ٢٠٠ کەس لە کرێکارانی موجتەمەعی شاری بابەک لە ناڕەزایەتی بە دەرکرانیان دەستیان لە کار کێشایەوە و کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان وەڕیخست. لە بەرانبەر ناڕەزایەتی کرێکاراندا بەرپرسانی شیرکەت بەڵێنیان پێدان بیانگێڕنەوە بۆسەر کار و بەم وەعدەیە، کۆبوونەوەی کرێکاران بڵاوەی کرد. بەڵام دوای تێپەڕینی دوو حەفتەی هیچ نیشانەیەک لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەیان نەبیندرا. کرێکاران لە رۆژی ٢٨ ی مانگی بەفرانبار جارێکی تر دەستیاندایەوە کۆبوونەوە و ئەمجار لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە ناو خاتون ئاباد، جادەیەک كه دەچوو بۆ موجتەمەعەکەیان بهست. بەرپرسانی شیرکەت هەروا داواکاریی کرێکارەکانیان پشتگوێ ئەدا. بەیانی رۆژی هەینی سێی مانگی ڕێبەندان هێزە حکومەتیەکان و لەوانە ماشێن و هێلیکوپتێڕەکانی یەگانی تایبەتی هێزی ئینتیزامی لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشیان کردە سەر کرێکاران و بنەماڵەکانیان و پاش ئەزیەت و ئازاردانی دەیان کەس، بهداخهوه یەکێک لە کرێکاران لەو رۆژەدا لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی ڕژیمدا گیانی لەدەستدا. ناڕەزایەتی کرێکاران و بنەماڵەکانیان رۆژی دواتر لە ناو شاری بابەکدا درێژەی بوو و کرێکاران لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەم شارەدا دەستیاندایە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان.هێزەکانی ڕژیم بە دەستووری فەرماندار ڕاستەوخۆ تەقەیان لە کرێکارانی ناڕازی کرد و بەهۆیەوە چوار کەس لە کرێکارانی بەناوەکانی “ڕیاحی، جاویدی، مەهدەوی، موئمنی و خوێندکارێک بەناوی پوورئەمنینی گیانیان بەختکرد و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون. کرێکارانی ناڕازی لە لایەن خەڵکی شاری بابەکەوە پشیوانی دەکران و شار بەتەواوەتی داخرا. ئەگەرچی بەهۆی وەحشیگەری كاربهدهستانی ڕژیم کە ڕاستەوخۆ لە مەرکەزەوە بۆ سەرکوتی کرێکاران دەستووریان وەردەگرت سەرئەنجام ئەم حەرەکەتە کرێکارییە سەرکوت کرا، بەڵام رووداوی خاتون ئاباد بوو بەهۆی پەرەگرتنی نەفرەتی گشتی لە دەوڵەتی خاتەمی و ئیسلاح خوازە حکومەتییەکان کە بە وەعدەی ئیسلاحات لە ژیانی خەڵکدا هاتبوونه سەرکار.
ئەگەر رووداوی خاتون ئاباد شێوازێکی ئاشکرای کوشتنی کرێکاران بوو، موجتەمەعی مسی سەرچەشمە ساڵانێکە کە لە شێوازی تردا بۆتە قوربانگای کرێکاران. ئەم موجتەمەعە کە نیوە خسووسی و نیوە دەوڵەتیە لەژێر کۆنترۆڵی شیرکەتی میللی پیشەسازی مسی ئێران دایە. ئهم زنجیره ناوهنده ئەگەرچی مەعدەنی سەرئاوەڵەن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە نائەمنترین کانەکانی دنیان و هەموو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران بەهۆی نەبوونی ئیستانداردی ئیمەنی و لەوانە بەهۆی گازگرتویی گیان لەدەست ئەدەن. لە رووداوی خاتون ئاباد دا جاریکی تر دەرکەوت کە دیموکراسی خوازیی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی، چلۆن لە بەرانبەر ناڕەزایەتی ئاشتیانەی کرێکاراندا لە محەک درا و کاڵ بۆوە. کوشتاری کرێکارانی خاتون ئاباد سەرچاوەگرتوو لە شەڕی نێوان باڵەکانی حکوومەت نەبوو. بەڵکوو نیشانەی سەرسەختی سەرجەم دهسهڵاتی بۆرژوازی ئێران بوو لە بەرانبەر ناڕەزایەتی کرێکاری بەدژی سیاسەتێک کە لەو سەردەمدا لەژێرناوی “تەعدیلی نیروی کار” ئارادابوو. ئیجرای بە کردەوەی ئەم سیاسەتە کە لە ساڵەکانی کۆتایی دەورەی سەرۆک کۆماری ڕەفسەنجانیەوە دەستی پیکردبوو لە دەورەی خاتەمیدا بە توندترین شێوە پەیڕەو دەکرا. بەپێی ئەم سیاسەتەوە ههزاران کرێکاریان بەبێ هیچ چەشنە تەئمینێکی کۆمەڵایەتی دەردەکرد و دوای ماوەیەک ژمارەیەک لەوانیان کە فەننی و شارەزا تر بوون بە قەراردادی کاتی و حەقدەستی کەمتر دەهێنایەوە سەرکار.
بەر گولـلەدانی کریکارانی خاتون ئاباد لەو کاتەدا، رووداوێک نەبوو کە ئیسلاح خوازەکانی حکومەت لە دەستیان دەرچووبێت. لەو دەوریەدا زیاتر لە ٤٠ هەزار کرێکار لە بەشەکانی پیشە سازی و کانەکان لە ئوستانی کرمان کاریان دەکرد. زیاتریان ئەو دامەزراوانە بوون کە بە هاوبەشی دەوڵەت لەگەڵ کەرتی تایبەت بەڕیوەدەچوون. ڕژیم بە شێوەی جیدی بەدوای ئیجرای سیاسەتی هاوسەنگی هێزی کار لەو بەشە لە پیشەسازی ئێراندا بوو وە دەیویست لهم ڕێگاوه نمونە و ئۆلگویەکی سەرکەوتو بۆ سەرجەم بەشەکانی تری پیشەسازی و بەهەمهێنان دروست بکات. خەباتی کرێکارانی خاتون ئاباد ئەگەر سەرکەوتوو بوایە خۆراگری کرێکارانی لە بەرانبەر سیاسەتە ئابووریەکانی ئەوکاتی ئیسلاح خوازانی حکومەتیدا لە ئاستێکی بەرینتردا پەرە پێئەدا، کەوایە دەبوو بە تەواوی سەرکوت بکرایە. فەرمانداری شاری بابەک کە فەرمانی تەقەی بەرەو کرێکاران و بنەمالەکانیان دەرکرد، توشی توڕەبوونێکی لەپڕ نەهاتبوو، بەڵکو ئەو و دەزگای سیاسەت داڕێژهر لە تاران لە رۆژی ١٥ ی مانگی بەفرانبارەوە تا رۆژی ٤ ی ڕێبەندان دەرفەتیان هەبوو کە لەم بارەیەوە بیر بکەنەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم روداوە، دەوڵەتی بەناو ئیسلاح خواز چەندین تەبسەرەی بە یاسای کارێک کە خۆی لە ئەسڵدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەرمایەداران ئامادە کرابوو، زیاد کرد. وە ئەمەش دیسان زیاتر بە زیانی کرێکاران بوو. زیاد کرانی ئیسلاحییەی یەک لەدوای یەک لە قانونی کاردا و تەقەی راستەوخۆ بەرەو سینگی کرێکاران، بهكردهوه دهرهێنانی جۆراوجۆری سیاسەتێکی دیاری كرابوون. ئەم ئەزموونە کە بەهای قورسی بۆ درا، بە چینی کرێکاری ئێرانی نیشاندا کە کاتێک پێی بەرژەوەند و سیاسەتی روونی چینایەتی بێتە گۆڕێ، باڵە جۆرا وجۆرەکانی ناو حکوومەتی سەرمایەداران، سەرەرای جیاوازییەکانیان، چۆن لە بەرانبەر خەباتی کرێکاراندا وەک یەک دەجوڵێنەوە. ئەگەر لە ئاخێزی مانگی بەفرانباری ١٣٩٦ کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی خۆیاندا بە دەنگی ڕەسا ئەم دروشمەیان هاوار کرد: “ئیسلاح تەڵەب ئوسوولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا”، بێگومان ئەم ئاڵوگۆڕە لە وشیاریی جەماوەر لەئاست ناوەرۆکی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بەشێکی لە ئەزموونی خەباتی کرێکاران و بە بەهای ڕەنج و خوێنی ئەوان بەدەست هاتووە.