بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، سێ کچی تازەلاو کە هەر سێکیان لە ژێر تەمەنی یاسایی بوون، هەوڵی خۆکوژییان داوە و کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان، “هاوژین مستەفا پوور” تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی مەهاباد ، بە هۆکاری نادیار لە قاتی پێنجی شوقەیەک خۆی خستووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. هەروەها شەوی چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی “فەرزانە قادری ئەقدەم” خەڵکی ئاوایی “ماشکان”ی سەر بە پیرانشار ، بۆ هۆی ئەو شتەی کە ناوی دەنێن “کێشەی کۆمەڵایەتی” هەوڵی خۆکوژی داوە و کۆتایی بە ژیانی هێناوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی “پەردیس کەریمی” دانیشتوویی گەڕەکی “حاجی ئاوای” سنە بە هەڵواسینی خۆیی هەوڵی خۆکوژی داوە و گیانی لەدەستداوە . جێگای ئاماژەیە، بە پێی ژمارەی ئەم خۆکوژییانە لە ١٠ی بەفرانبارەوە تا وەکوو ئەمڕۆ ٦ی ڕێبەندان، لانیکەم ٩ هاووڵاتیی خۆیان کوشتووە کە ٤ کەسیان تازەلاو و منداڵ بوون. جێگای ئاماژەیە، ساڵانە ژنانێکی زۆر لە کۆمەڵگای ئێران، بە هۆکاری جۆراوجۆر دەست دەدەنە خۆکوژی و کۆتایی به ژیانیان دێنن. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بۆ شاردنەوەی هۆکارەکانی توندووتیژی لەدژی ژنان لە ڕەستەی “ناکۆکی بنەماڵەیی” کەڵک وەردەگیرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئاسایی بوونەوەی هۆکاری کوشتنی ژنان.