ڕێژەی بێکاری لەنێۆ لاوانی ئێراندا نزیکەی سێ ئەوەندەی بێکاریی گشتییە. هاووڵاتییان دەڵێن جیا لەوەی هەلی کار بۆ لاوان لەبەر دەست نییە، ئاسایشی کاریش دەستەبەر نەکراوە و تەنانەت ئەو کەسانەش کاریان هەیە، هیچ گەرەنتییەکیان بۆ بەردەوامبوونی کارەکەیان نییە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بێکاری بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین قەیرانەکانی لاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە پێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە کاتێکدا کە ڕێژەی بێکاری لە سەرانسەری ئەم وڵاتە سەدا ٧ و ٦ لەسەدە، بێکاری لە نێو لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵ گەیشتووەتە سەدا ٢١ و بە گشتی زیاتر لە ٥٢٣ هەزار لاوی ئێرانی کە بە شوێن کاردا دەگەڕێن یان خوازیاری کارن، بێکارن و کاریان دەست ناکەوێت. هەر بە پێی ئەم ئامارانە، لە کاتێکدا کە ڕێژەی گشتیی بێکاری، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمبووەتەوە، بێکاری لە نێوان لاواندا، سەدا ٢ زیادی کردووە. سەرەڕای ئەم دۆخەش هاووڵاتییان دەڵێن، تەنانەت ئەو کەسانەی کاریشیان هەیە، لە ئاسایشی کار بێبەشن و هیج گەرەنتییەکیان بۆ بەردەوامبوونی کارەکەیان نییە. لە کاتێکدا زیاتر لە ٦٤ ملیۆن و شەشەد هەزار هاووڵاتیی ئێران تەمەنیان لە سەرووی ١٥ ساڵەوەیە، ئامارە فەرمییەکان تەنیا ٢٦ ملیۆن و هەشتسەد هەزار کەس وەک هێزی چالاک لە بازاری کار دێننە ئەژمار.