بەپێی ڕاپۆرتەکان، لانیکەم چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی “یادگار عەلیپوور”، “کارۆ” و “ئاراس” لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و “پەیمان محەممەدی” لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندارکران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، یادگار عەلیپوور تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی بانە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەختی بریندارکرا. شەوی هەمان ڕۆژ کۆڵبەرێکی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سەقز بەناوی کارۆ (ناوبانگ نادیار) هەر لەو سنوورە بریندارکراوە. هاوکات، ئێوارەی ئەو ڕۆژە، پەیمان محەممەدی، کۆڵبەری لاوی خەڵکی پاوە، لە سنووری نەوسوود سەر بەو شارە بریندارکرا و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە. هەروەها، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندان، ئاراس (ناوبانگ نادیار) خەڵکی مەریوان بە چەکی ساچمەیی و لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کراوەتە ئامانج و دەست و کەمەری بریندارکراوە.