ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، بۆ حەوتەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕەزایەتیی بە جێبەجێ نەکرانی خواستەکانیان، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتیی شیرکەت لە ڕاگەیاندنێکی پڕ لە ئێبهامدا، بە بڵاوکردنەوەی چەند نموونە لە فیشی حقووقی، باسی لە بەکردەوە دەرهاتنی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەم گەڵاڵەیە لە سەرەتای مانگی بەفرانبارەوە چووەتە بۆاری جێبەجێ کردنەوە. جێگای ئاماژەیە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا، کرێکارانی ناڕازای بەدوای کۆبوونەوەی گشتی کرێکاران بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر دێژەدان بە خەبات لەدژی دەستوپێوەندەکانی عەلیمحەممەدی بەڕێوەبەری گشتی وەلانراو و ئەستاندنەوەی خاوەندەرایەتی لە بانکی میلی، بە وتنەوەی درووشمی “ئێمە کرێکارانی فوولاد، دژی زوڵم و ستەم دەجەنگین دەجەنگین”دەستیاندایە کۆبوونەوە و خوازیاری بەکردەوە دەرهاتنی گەڵاڵەی ڕیزبەندی کارە سەخت و زیانبارەکان، یەکسان سازی حەقدەستەکان لەگەڵ کرێکارانی فوولادی ئۆکسین، گەڕانەوە بۆ سەر کاری کەریم سیاحی و گرێبەستی کردنی کرێکارانی شەفەق ببوون.