ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی بەندی ٦ی زیندانی ئێڤین وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە جێبەجێ کردنی سزای ئێعدام مانیان لە خوواردن گرتووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانیە سیاسیانە ڕایانگەیاندووە کە “وێڕای شەرمەزار کردنی ئەو جینایەتانە” لە ڕۆژی چووارشەممە ١١ی ڕێبەندانەوە، تا کاتێکی نادیار مان لە خوواردن دەگرن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە سێدارەدانی “وەفا ئازەربار”، “پێژمان فاتحی”، “محەمەد فەرامەرزی” و “مۆحسێن مەزلووم” لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیەوە، کاردانەوەی بەرفراوانی چالاکانی مەدەنی دەرەوە و ناوەوەی زیندانی لێکەوتەوە. هەروەها لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا جێبەجێ کردنی ئەو حوکمانە کاردانەوەی زۆری بەدووای خۆیدا هێناوە.
بەر لەوەش لانیکەم ٦١ زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی ئێڤین و چەندین بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی ڕایانگەیاندبوو کە وەک ناڕەزایەتی دەربڕینێک بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی مان لە خوواردن دەگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئەگەری لە سێدارەدانی ٨ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی دیکە.
“رەزا ڕەسایی”، “موجاهید کورکور” و “عەباس دەریس” سێ زیندانی سیاسین کە داواکاری پێداچوونەوەی دۆسیەکەیان لەلایەن بڕیارگەی باڵای دەسەڵاتی دادی ڕژیمەوە ڕەدکراوەتەوە و ئەگەری لە سێدارەدانیان لە ئارا دایە.